لۆچبوونی پێست Wrinkles بەشێكی ئاسایی تەمەنە، لەگەڵ بەساڵاچووندا پێست تەنكتر و وشكتر دەبێتەوە، ئینجا توانای لاستیكیی كەم دەبێتەوە و توانای خۆنوێكردنەوە و خۆپاراستنی كەم دەبێتەوە، ئەمەش هۆكارە بۆ پەیدابوونی هێڵ و چرچیی پێست. لە ئافرەتدا كرداری لۆچبوونی پێست بەگشتی لە تەمەنی 30 ساڵیدا دەست پێ دەكات، سەرەتا بە وشكبوونی پێست دەست پێ دەكات،پاشان هێڵەكانی وشكبوون دەبنە بناغە بۆ لۆچبوون. تا ئێستا رێگایەك نییە كە بتوانێت ئەم كردارە سرووشتییەی بەتەمەنبوونی پێست رابگرێت، بەڵام تا رادەیەكی باش دەتوانرێت كە كردارەكە دوابخرێت و رێگا لە گەورەبوون و بەرجەستەبوونی لۆچەكان بگیرێت. هۆكارەكانی دەوروبەر رۆڵیان هەیە لە تاودانی كرداری لۆچبووندا، بۆنموونە تیشكی سەرووی وەنەوشەیی ئەم كردارە سرووشتییەی لۆچبوونی پێست تاودەدات و دەبێتە هۆی دەركەوتنی پێشوەختەی لۆچبوون، چونكە ئەم تیشكە شانەبەستەرەكانی پێست تێك دەشكێنێت، واتە ریشاڵەكانی كۆلاجین Collagen و ئیلاستین Elastin كە كەوتوونەتە چینی قووڵی پێست. هاندەرەكانی دیكەی پەیدابوونی پێشوەختەی لۆچبوونی پێستبریتییە لە: جگەرەكێشان، وشكبوونی پێست، خواردنەوەی ئەلكهول، سەرما، ئاستی نزمی شێداری، دابەزینی خێرای كێشی لەش، سترێس.