ئەگەرچی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن بە بكوژی بێدەنگ ناسراوە، بەڵام بەم دواییە لە لێكۆڵینەوەكاندا هاتووە كە ئەو كەسانەی دوچاری دابەزینی كتوپڕی پەستانی خوێن دەبن لەكاتی هەڵسانەوە پاش پاڵكەوتن Orthostatic hypotension ئەوا زیاتر رووبەڕووی تووشبوون بە پەككەوتنی دڵ و مردن دەبنەوە، بەتایبەتی لە تەمەنی 45-55 ساڵی و بە بوونی هۆكارە هاندەرەكانی دیكەی پەككەوتنی دڵ وەكو: نەخۆشیی خوێنبەرەكانی تاجیی دڵ، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، زیاد خواردنەوەی ئەلكهول، هەوكردنی میكرۆبی، نەخۆشیی ماسوولكەی دڵ Cardiomyopathy، لەرەی گوێچكەلە، نەخۆشیی زمانەكانی دڵ. ئەوەش زانراوە كە نەخۆشییەكانی شەكرە، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، هەروەها نەخۆشیی خوێنبەرەكانی دڵ و ئەگەری پەككەوتنی دڵ زیاد دەكەن، بەڵام ئەم ئەگەرە بە دابەزینی كتوپڕی پەستانی خوێن لەكاتی هەڵسانەوەدا هێشتا زیاتر دەبێت. دابەزینی پەستانی خوێن لەكاتی هەڵسانەوەدا بریتییە لە دابەزینی پەستانی (سەرەوە) بە 20 نمرە، یان دابەزینی پەستانی (ژێرەوە) بە 10 نمرە.