لە وەرزی زستاندا پێیەكان لە گەلێك كەسدا دوچاری گەلێك گرفت دەبنەوە، بۆنموونە: هەوكردنی كەڕووی نینۆكی پێیەكان Toenail fungus، ئەمەش زیاتر لەبەر ئەوەیە كە نینۆكی پێیەكان لە زستاندا ناسك و وشك دەبن، هاوكات لەگەڵ بەكارهێنانی گۆرەوی ئەستوور كە دەبێتە ئەگەری زیادبوونی ئاستی شێداری، ئەمەش دەبێتە ژینگەیەكی باش بۆ گەشەی كەڕوو لەوێدا. لە لایەكی دیكەوە، زیاد لێكخشانی پەنجەكان لەیەكتر و لە ناوپۆشی كەفشدا ئەگەری دروستبوونی مێخەك Corn زیاد دەكات. گرفتێكی دی بریتییە لە ئاوسان و قڵیشانی پێیەكان Chilblains هاوكات لەگەڵ خورشت و سووربوونەوەدا، بەتایبەتی لەو كەسانەدا كە گرفتی هاتووچۆ، یان سووڕی خوێنیان لە پەلەكاندا هەیە. هەروەها دیاردەی رایناود Reynaud’s phenomenon كە بریتییە لە گرفتێكی سووڕی خوێن لە پەلەكاندا بە شێوەی گۆڕانی رەنگی پەنجەكانی پێ بۆ رەنگی سپی، یان شین لەكاتی گۆڕانی كتوپڕی پلەی گەرمیدا. رێنمایی: یەكەم، هەڵبژاردنی كەفشی گونجاو، لەوانەیە كە كەفشە گونجاوەكەی پارساڵ بۆ ئەمساڵ گونجاو نەبێت، چونكە لەگەڵ تەمەندا پێیەكان پانتر دەبن، لەوانەشە كێشی لەشت زیادی كردبێت و قەبارەی پێیەكانت گەورەتر بووبێت. دووەم، پاراستنی پاكوخاوێنی و وشكیی پێیەكان، پێویستە گۆرەویی گونجاوت هەبێت كە شێداری هەڵدەمژێت، زوو گۆرەوییەكان بگۆڕە، بۆنموونە: لەپاش كار و لە كۆتایی رۆژدا. سێیەم، لەكاتی پەیدابوونی ئازار، یان تێبنیكردنی هەر شتێكی نائاسایی لە نینۆك و پێستی پێیەكاندا زوو سەردانی دكتۆر بكە.