تامێسك Cold Sore هەوكردنێكی ڤایرۆسیی گوازراوەیە، بەهۆی ڤایرۆسی هێرپسHSV-1 كە بە شێوەیەكی ناچالاك خۆی لەناو دەمارەخانەكاندا حەشار دەدات، دوچاری هەندێك كەس دەبێت و لەكاتی بوونی وروژێنەرێك تامیسكە پەیدا دەبێت، هەندێك كەس لەبەر هۆكاری نادیار بە هیچ شێوەیەك بە درێژایی تەمەن تووشی تامێسك نابن. تامیسك زیاتر لە دەوری دەم و لووتدا سەرهەڵدەدات، پاش دروستبوونی بڵۆق ڤایرۆسەكە دەگوازرێتەوە بە رێگای هاوبەشكردنی كەلوپەلی خواردن، یان خاولی و پێخەف، هەروەها ماچكردن، چونكە ڤایرۆسی تامیسك لەناو لیكیشدا بەدی دەكرێت. هاندەرەكانی سەرهەڵدانی تامیسك لەو كەسانەدا كە ئەم ڤایرۆسەیان لە لەشدا بە نووستوویی هەیە، بریتین لە: بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی دەورووبەر، بەركەوتنی پێست بە تیشكی خۆری مام ناوەند، یان بەهێز، ترس و قەیرانە دەروونییەكان، بای سارد، هەڵامەت، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی لەش، ریشتاشین، بەكارهێنانی بۆن، یان كۆلۆنیا، كزبوونی سستمی بەرگریی لەش لەبەر هەر هۆكارێك، گۆڕان لە ئاستی هۆرمۆنەكانی لەش، سترێس، پەستیی توند، هەروەها هەندێك جۆری خۆراك بۆ ڤایرۆسی تامیسك وروژێنەرن، بۆنموونە: باوی، گوێز، كونجی، بندق، فستقی سودانی، گوێزی هیندی، شوفان، ئاردی سپی، گەنمەشامی، شوكولاتە، شیرەی پرتەقاڵ.