گرنگیی ژەمی بەیانی بۆ قوتابییان

گرنگیی ژەمی بەیانی بۆ قوتابییان
ژەمی بەیانی بۆ هەر كەسێك و لە هەر تەمەنێكدا بە گرنگترین ژەمەكانی خواردنی رۆژانە هەژمار دەكرێت، بۆیە پێویستە لە رووی جۆر و كوالێتی خۆراكەوە دەوڵەمەنترین و باشترین ژەمی خواردن بێت. ژەمی بەیانی بۆ قوتابی لە هەموو روویەكەوە بایەخی تەندروستیی زۆری هەیە، بۆنموونە ئەو قوتابییەی كە ژەمێكی بەیانیی هاوسەنگ دەخوات، بەگشتی خاوەن تەندروستییەكی باشە و چالاكە، وزەیەكی جەستەیی باشی هەیە، خاوەن سەرنجە و ئاگاداریی وانە و وتەكانی مامۆستایە، هەروەها لە لایەنی هەڵسوكەوتیشەوە هاوسەنگ و رێكە. لە لێكۆڵینەوەیەكی زانكۆی هارڤارددا Harvard هاتووە كە قوتابییە برسییەكان زیاتر دوچاری گرفت لە هەڵسوكەوت و گرفت لە فێربوون و گرفت لە وانەكاندا دەبنەوە، هەروەها زیاتر تووشی هەڵچوون و ناڕەحەتی و بگرە توندوتیژیش دەبنەوە، ئەمە سەرەڕای دەوامی ناڕێك و دواكەوتن لە قوتابخانە. ئەگەر دەوامی منداڵەكەت بەیانیان، یان نیوەڕوان بێت، زۆر پێویستە كە كاتێكی دیاریكراو بۆ ژەمی خۆراكی بەیانی تەرخان بكەیت و هەرگیز بێ خواردن نەچێتە قوتابخانە، هەوڵبدە كە خۆراكی هاوسەنگ و جۆراوجۆر لەسەر سفرەدا دابنێیت، بەتایبەتی هێلكە، شیر، پەنیر، گۆشت، مریشك، میوە، نەك تەنیا پارچە نانێك و كەمێك ماست و كوپێك چا لەو كاتەی كە لەش لەپاش چەندین كاتژمێر خەو پێویستی بە هەموو مادە خۆراكییەكان بە بڕی تەواو هەیە، بۆ نموونە لە هەر سێ گرووپە سەرەكییەكە كە بریتین لە پڕۆتین، كاربۆهیدرات، چەوری، لەگەڵ ڤیتامین و كانزاكان و بڕێكی دیاریكراوی ئاو.
Top