سترێس Stress هاندەرە بۆ گەلێك حاڵەت و نەخۆشی، وەكو: سەرئێشە، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، نەخۆشیی دڵ، نەخۆشیی شەكرە، گرفتەكانی پێست، رەبو، هەوكردنی جومگە، هەڵبەزین و دابەزینی مەزاج، كەمبوونەوەی تەركیز، زوو بیرچوونەوە، پەستی، خەمۆكی. ئەوە راستییەكی پزیشكیی چەسپاوە كە مەشقی فیزیكی رۆژانە تەنیا بۆ ماوەی 30 خولەك هاندەرە بۆ سووككردنی سترێس و باشتركردنی مەزاج، بە مانایەكی دیكە مەشقی فیزیكی جگە لەوەی كە رێگایەكی ئاكتیڤە بۆ كۆنترۆڵكردنی كێشی لەش، هەنگاوێكی گرنیشگە بۆ كەمكردنەوەی سترێس كە بۆتە گرفتی رۆژانەی سەردەم. مەشقی وەرزشی هانی خانەكانی مێشك دەدات بۆ زیاتر دەردانی هۆرمۆنەكانی هەستكردن بە خۆشی، كە بە ئیندۆرفینەكان Endorphins ناسراون و رۆڵیان هەیە بۆ باشتركردنی مەزاج و بەرزكردنەوەی ئاستی وزەی لەش و تواناكانی مێشك. هەڵبژاردنی جۆری مەشقی فیزكی بۆ سووككردنی سترێس زۆر گرنگە، بۆنموونە: پێویستە ئەو جۆرە هەڵبژێریت كە چێژی لێ وەردەگریت، نەك پێیەوە هیلاك و بێزار ببیت بۆ ئەوەی كە بتوانیت رۆژانە ئەنجامی بدەیت. بەگشتی ئەو مەشقانەی كە بە گرووپ ئەنجام دەدرێن سوودی زیاتریان هەیە، بەتایبەتی لە لایەنی كۆمەڵایەتییەوە. تۆش دەتوانیت یەكێك لەم مەشقە فیزیكییانە هەڵبژێریت وەكو: مەشقی هەوایی وەك مەلەكردن، لێخوڕینی پاسكیل، پپادەرۆیی، راكردن، تۆپی پێ، تۆپی سەبەتە كە هاندەرن بۆ زیادبوونی ئاستی ئیندۆرفینەكان و رۆڵی بەرچاویان لە سووككردنی پەستی و خەمۆكیدا هەیە، یۆگا كە سوودی دەروونی و جەستەیی زۆری هەیە، بەتایبەتی سووككردنی گرژیی دەروونی، یان مەشقی چینی بەتایبەتی تای چی Tai Chi.