فۆلیك ئەسید: باشترین هاوڕێی نۆ مانگ دووگیانی

فۆلیك ئەسید: باشترین هاوڕێی نۆ مانگ دووگیانی
فۆلیك ئەسید Folic acid یان ترشی فۆلیك كە بە ڤیتامین B9 ناسراوە، رۆڵی بەرچاوی لە دروستبوونی خڕۆكە سوورەكانی خوێندا هەیە، كە گرنگیی زۆریان هەیە بۆ گەشەی كۆئەندامی دەماری كۆرپە و رێگرتن لە تووشبوونی بە سەقەتیی زگماكی لە مێشك و پەتكەدەماردا Spinal cord، بۆیە وەرگرتنی فۆلیك ئەسید بە شێوەی دەنك لەكاتی دووگیانیدا رێنمایی دەكرێت. سەرچاوە خۆراكییەكان: سپێناغ، نۆك، فستقی سوودانی، تۆوی گوڵەبەڕۆژە، میوە بەگشتی. پسپۆڕان جەختیان كردۆتەوە كە دابینكردنی بڕی پێویستی رۆژانەی فۆلیك ئەسید تەنیا لە رێگای خۆراكەوە لەكاتی دووگیانیدا ئاسان نییە، بۆیە پێویستە كە ئافرەتی دووگیان رۆژانە دەنكێك فۆلیك ئەسید وەربگرێت، ژەمی گونجاوی فۆلیك ئەسید لە سێ مانگی سەرەتای دووگیانیدا بریتییە لە 0.4 ملگم(400 مایكرۆگرام) رۆژانە، لە مانگای چوارەم و بەسەرەوە 0.6 ملگم(600 مایكرۆگرام)، هەروەها لەكاتی شیردانی سرووشتیدا 0.5 ملگم(500 مایكرۆگرام). تەنانەت ئەو ئافرەتانەشی كە پلانی دووگیانییان هەیە، واباشترە كە بەردەوام رۆژانە دەنكێكی 0.5 ملگم(500 مایكرۆگرام) فۆلیك ئەسید وەربگرن. جگە لە پاراستنی كۆرپە لە سەقەتیی زگماكی، فۆلیك ئەسید لەكاتی دووگیانیدا رۆڵی دیكەشی هەیە، كە بریتین لە: كەمكردنەوەی ئەگەری لەبارچوون، كەمكردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە ئۆتیزم، رێگرتن لە كەمیی كێشی منداڵی تازە لەدایكبوو، كەمكردنەوەی ئەگەری منداڵبوونی پێشوەختە.
Top