زەیتوونی رەش و سەوز لە رووی بەهای خۆراكییەوە وەكو یەكن، ئەگەرچی هەندێك سەرچاوە ئاماژە بەوە دەكەن كە زەیتوونی سەوز رێژەیەكی بەرزی لە ترشە چەورییە یەكانە ناتێرەكانی تێدایە، ئەم جۆرە چەورییە لە جۆرەكانی دیكەدا جێگیرترە، بۆیە بوونی ئەم چەورییە گرنگە لە ناو خانەكان و لە ناو پەردەی خانەكاندا بۆ پاراستنیان لە نەخۆشی، كە بە هەماهەنگی لەگەڵ ڤیتامین E رۆڵیان هەیە بۆ دابەزاندنی ئاستی كۆلیستیرۆڵی خراپ لە خوێندا. زەیتوون بەهایەكی خۆراكیی بەرزی هەیە، بەڵام ئەم پرسیارە لە لای گەلێك كەس هەیە كە كامیان سوودی زیاتری هەیە، زەیتوونی سەوز، یان زەیتوونی رەش. جیاوازیی سەرەكی نێوانیان ئەوەیە كە زەیتوونی سەوز بەر لە پێگەیشتن لێ دەكرێتەوە، كەچی زەیتوونی رەش پاش پێگەیشتن، هەروەها چێژیان جیاوازە. زەیتوونی رەش بەراورد لەگەڵ زەیتوونیی سەوز رێژەیەكی كەمتری خوێ لەخۆدەگرێت، هەروەها چێژێكی خۆشتری هەیە، كەچی زەیتوونی سەوز رەقتر و چڕتر و تاڵترە. زەیتوون ماددەی گرنگ لەخۆدەگرێت، بەتایبەتی دژەئۆكسانی پۆلیفینۆلەكان Polyphenols و فلاڤۆنیدەكان Flavonoids كە چەندین سوودی تەندروستییان هەیە، بۆنموونە: كەمكردنەوەی ئاستی هەوكردن لە لەشدا لەگەڵ كەمكردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە. سوودەكانی دیكەی زەیتوون: خۆپاراستن لە نەخۆشیی دڵ، كەمكردنەوە و سووككردنی نیشانەكانی رەبو و داڕووشانی جومگە(سەوەفان) و هەوكردنی رۆماتۆیدی جومگە.