رێنمایی خۆراكی بۆ تووشبووان بە كەمخوێنی

رێنمایی خۆراكی بۆ تووشبووان بە كەمخوێنی
كەمخوێنی Anaemia واتە كەمبوونەوەی ژمارەی خڕۆكە سوورەكانی خوێن، یان كەمبوونەوەی ئاستی هیمۆگلۆبین، كە نیشانە باوەكانی بریتین لە: هەستكردن بە ماندووبوون، هەناسە بڕكێ، سەرسووڕان، سەرئێشە، ساردبوونی دەست و قاچەكان، بێ رەنگیی، یان كاڵبوونی پێست، سینگ ئێشە، ناڕێكبوونی لێدنەكانی دڵ. نزیكەی 50%ی حاڵەتەكانی كەمخوێنی لە ئەنجامی كەمی كانزای ئاسن روودەدەن، ئەگەرچی لەش ئاسن خەزن دەكات، بەڵام تونای دروستكردنی ئاسنی نییە، بۆیە پێویستە رۆژانە لە رێگای خۆراكەوە وەربگیرێت، ئەو خۆراكانەی كە دەوڵەمەندن بە ئاسن بریتین لە: سینگی مریشكی بێچەوری كە بە پلەی یەكەم دێت، گۆشتی سووری بێچەوری، سەوزە گەڵا تاریكەكانی وەكو سپێناغ، خاس. كاكڵەكان و تۆوەكان وەكو باوی، گوێز، فستق، تۆوی كوڵەكەی زستانە، پاقلەمەنییەكانی وەكو سۆیا، پاقلە، فاسۆلیا، نیسك، نۆك كە دەوڵەندن بە ئاسن و پرۆتین و ڤیتامین B9 كە بە فۆلەیت ناسراوە. بۆ هاندانی هەڵمژینی ئاسن لە كۆئەندامی هەرس ئەو خۆراكانە رێنمایی دەكرێن كە ڤیتامین C لەخۆدەگرن، وەكو تەماتە، بیبەری سوور، شلك، میوە مزرەكانی وەكو پرتەقاڵ، لیمۆ، كیوی، برۆكلی. لە لایەكی دیكەوە، چای و قاوە ئاستی هەڵمژینی ئاسن لە كۆئەندامی هەرسدا كەم دەكەنەوە، هەروەها خۆراكە دەوڵەمەندەكان بە كالسیۆم وەكو شیر، پەنیر، سالمۆن، یان دەنكی كالسیۆم، ئەمانە هەموویان هەڵمژینی ئاسن كەم دەكەنەوە، بۆیە پێویستە كە تەنیا لە نێوان ژەمە سەرەكییەكاندا بخورێن.
Top