جگەر گەورەترین ئەندامی ناوەوەی لەشە، كێشی بە تێكڕایی 1.6 كیلۆگرامە، فرمانی زۆر گرنگ ئەنجام دەدات. گواستنەوەی جگەر Livertransplant تاكە چارەسەرە بۆ لەكاركەوتنی تیژی جگەر Acuteliverfailure كە نیشانەكانی بریتین لە زەردوویی (زەردبوونی رەنگی پێست، نینۆك، سپێنەی چاو) ئینجا شێوان. هۆكارەكانی لەكاركەوتنی تیژی جگەر ئەمانەن: هەوكردنی ڤایرۆسیی جگەر، زیانی لابەلای زیاد بەكارهێنانی هەندێك دەرمان وەكو پاراسیتۆڵ، هەوكردنی تیژی جگەر، مۆمبوونی جگەر، ژاراویبوونی توند بە خۆراك. گواستنەوەی پارچەیەك، یان بەشێكی جگەر لە كەسێكی زیندوو و تەندروست، یان جگەری تەواو لە كەسێكی تازە مردووەوە كە مردنەكەی پەیوەندی بە جگەریەوە نەبێت، ئەنجام دەدرێت. ئەو كەسە دەتوانێت ببێتە بەخشەری پارچەیەك جگەر كە هیچ نەخۆشیی لە جگەردا نەبێت، دەرمان بە بەردەوامی بۆ هەر مەبەستێك بەكارنەهێنێت، ئەلكهولی نەبێت، دووربێت لە نەخۆشیی ئایدز و هەوكردنەكانی دیكە. ئاڵۆزییەكانی گواستنەوەی جگەر: رەتكردنەوە Rejection باوترین ئاڵۆزییە كە ئەگەر بە توندی بەردەوام بێت، ئەوا پێویست بە دووبارە گواستنەوەی جگەر دەكات، مەیینی خوێن لەناو خوێنبەری جگەردا، مەیینی خوێن لە خوێنهێنەری جگەردا، لیككردنی شلەی زەرداو، یان تەسكبوونی جۆگەی زەرداو، هەوكردن، خوێنبەربوون. پاش نەشتەرگەریی گواستنەوەی جگەر، نەخۆش پێویستی بە مانەوە دەبێت لە نەخۆشخانە بۆ ماوەی 3 هەفتە، پاشان بۆ بەسەركردنەوەی پێویست دەكات چەند جارێك سەردانی دكتۆر بكات.