بەگشتی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی لەش Fever لە منداڵدا لە زۆربەی حاڵەتەكاندا مەترسیی ئەوتۆی بۆ تەندروستی نییە، چونكە هۆكاری سادەی لەپاڵە، بۆنموونە: هەوكردنەكانی بەشی سەرەوەی كۆئەندامی هەناسە، بەتایبەتی هەڵامەت، ئەنفلوەنزا، سكچوون و هەوكردنە ڤایرۆسییەكانی دیكە، بەڵام هەندێك جار بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی دەبێتە نیشانەیەك بۆ هەوكردنێكی توندی وەكو هەوكردنی بەكتریایی شانەی سییەكان، هەوكردنی پەردەكانی مێشك Meningitis، یان هەوكردنی گورچیلە و میزەڕۆ. بۆ دابەزاندنی پلەی گەرمی لەشی منداڵ، پێویستە لەسەر هەموو دایك و باكێك كە بە هەنگاوەكان ئاشنا بن كە چۆن لە ماڵەوە پلەی گەرمیی بەرزی لەش دادەبەزێت، كە بریتین لە: پێدانی بڕی زیادی ئاو و شلەمەنی بە منداڵ بۆ رێگرتن لە كەمبوونەوەی شلەی لەش، یان وشكبوونەوە Dehydration، بەكارهێنانی شروبی پاراسیتۆڵ، یان برۆفین تا كاتی بردنی منداڵ بۆ لای دكتۆر، كەمكردنەوەی جلی زیادی منداڵ بە مەبەستی رێگرتن لە تووشبوون بە لەرز، ئەگەر بەم هەنگاوانە و بەكارهێنانی پاراسیتۆڵ، یان برۆفین تای منداڵ دانەبەزێت، ئەوا دەتوانیت كە كەممادە بە ئاوی شلەتێن كە پلەی گەرمییەكەی لە پلەی گەرمی لەش نزیك بێت بەكاربێنیت، هەرگیز بۆ دابەزاندنی پلە گەرمیی لەش كەممادە بە ئاوی سارد Cold-sponge بەكارمەهێنە و هەروەها هەرگیز پانكە بەكارمەهێنە و باوەشێنی منداڵ مەكە.