لە لێكۆڵینەوەكاندا هاتووە كە ئاڤۆكادۆAvocado لە سێو سوودبەخشترە بۆ تەندروستی، ئەویش بە ئاماژەكردن بەو راستییەی كە ئاڤۆكادۆ ئاستی كۆلسیتیڕۆڵی خراپ لە خوێندا كەم دەكاتەوە، كۆلسیتیڕۆڵی خراپ بە هەر دوو جۆرەكەی كە بریتین لە جۆری ئۆكسێنراو Oxidised LDL و گەردیلەی چڕ و بچووكی كۆلسیتیڕۆڵی خراپ، كە هاندەرن بۆ دروستبوونی چینی چەوریی نیشتوو Plaque لە سەر ناوپۆشی خوێنبەرەكان، واتا رەقبوونی خوێنبەرەكان Atherosclerosis. بێگومان هەر دوو جۆرەكەی كۆلسیتیڕۆڵی خراپ زیانبەخشن، بەڵام جۆری گەردیلە بچووك و چڕەكانی كۆلسیتیڕۆڵی خراپ كە بە قەبارەی جیاواز بەدی دەكرێن، زیاتر لە جۆرەكەی دیكە زیانبەخشە. رۆژانە خواردنی یەك دانە ئاڤۆكادۆ ئەم ئامانجە دەپێكێت، بەتایبەتی لە كەسانی خاوەن كێشی زیاد و قەڵەودا. ئاماژە بەوەش كراوە كە كرداری ئۆكسان لە لەشدا بناغەیە بۆ تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ و شێرپەنجە. ئاڤۆكادۆ دەوڵەمەندە بە ماددەی خۆراكیی گرنگ و چەوریی باش و ماددە دژەئۆكسانەكانی كارۆتینۆیدەكان Carotenoids كە سوودبەخشن بۆ تەندروستیی چاو. سوودەكانی دیكە: خۆپاراستن لە نەخۆشیی دڵ، باشتركردنی بینین، پاراستنی پتەویی ئێسك، خۆپاراستن لە چەند جۆرێكی شێرپەنجە، پاراستنی كۆرپە لە سەقەتیی زگماكی لە ئافرەتی دووگیاندا، هاندانی كرداری هەرسكردنی خۆراك، كەمكردنەوەی ئەگەری خەمۆكی، هاندانی رزگاربوونی لەش لە ماددە زیانبەخشەكان.