شیرەی گێلاسی Cherry Juice رەش، یان گێلاسی سووری گەش هەمان بەهای خۆراكییان هەیە. بە گوێرەی لێكۆڵینەوەكان، پەرداخێك شیرەی گێلاس یەكسانە بە خواردنی 23 پارچە لە میوە و سەوزەی جۆراوجۆر، هەروەها رێژەیەكی بەرزی ماددە دژەئۆكسانەكان لەخۆدەگرێت، ئەمە جگە لە چەندین ڤیتامین و كانزا. سوودە تەندروستییەكانی شیرەی گێلاس ئەمانەن: سووككردنی خەوزڕان چونكە گێلاس سەرچاوەیەكی باشە بۆ میلاتۆنین Melatonin كە خەو رێكدەخات، سووككردنی نیشانەكانی هەوكردنی جومگە و نەخۆشیی بەگەكان (گاوت Gout) لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی ئاستی ترشی یۆریك لە خوێندا، پاراستنی تەندروستیی دڵ بەهۆی دژەئۆكسانەكان بەتایبەتی كوێرسێتین Quercetin كە رێگرن لە ئۆكسان و نیشتنی كۆلیستیڕۆڵی خراپ لەسەر ناوپۆشی خوێنبەرەكاندا، خۆپاراستن لە ئەگەری تووشبوون بە چەند جۆرێكی شێرپەنجە بەتایبەتی شێرپەنجەی مەمك، جگەر، پێست، كەمكردنەوەی ئاستی هەوكردن لە لەشدا، سووككردنی ئازار و سووتانەوەی ماسوولكە پاش مەشقی وەرزشی، رێكخستنی ئاستی شەكری خوێن و ئاستی هۆرمۆنی ئینسولین، رێكخستنی ئاستی كۆلیستیڕۆڵ، خۆپاراستن لە ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی مێشك، هاندانی تەندروستی و فرمانەكانی مێشك بەهۆی زیادكردنی سووڕی خوێن بۆ مێشك، پاراستنی تەندروستیی پێست بەتایبەتی تووشبوون بە شێرپەنجەی پێست و دواخستنی پەیدابوونی لۆچبوون هاوكات لەگەڵ سووككردنی زیپكەی گەنجێتی، پاراستنی تەندروستی قژ بۆنموونە تەنكبوونی قژ، خۆپاراستن لە كەمخوێنی.