بەم رێگایانە ئەژنۆكانت بپارێزە

بەم رێگایانە ئەژنۆكانت بپارێزە
كێشی لەشمان بە درێژایی تەمەن لەكاتی وەستان و پیادەڕۆیی و راكردندا دەكەوێتە سەر ئەژنۆكانمان، بۆیە پەیڕەوكردنی هەنگاوەكانی پاراستنیان زۆر پێویستە. كۆنتڕۆڵكردنی كێشی لەش و مەشقی وەرزشی بەردەوام كلیلی سەرەكین بۆ پاراستنی ئەژنۆكان، هەروەها مەلەكردن و پێڵاوی گونجاو گرنگیی خۆیان هەیە، بەتایبەتی بۆ خۆپاراستن لە داڕوشانی جومگە Osteoarthritis كە باودیكەین هۆكارە بۆ ئازاری بەردەوامی جومگەی ئەژنۆ، كە چینی كڕكڕاگەی سەر ئێسكە بەشداربووەكانی ناو جومگەی ئەژنۆ دەسووێت، بەمەش كۆتایی ئێسكەكان دەكەونە سەر یەكدیكەی و دەبێتە ئەگەری ئازار و سخبوونی جومگە، بەتایبەتی لەكاتی بەیانیدا، ئەمە بۆ هەموومان ئاساییە كە لەكاتی مەشقی وەرزشیدا ئەژنۆكان ئازارێكی سووك پەیدا بكەن، بەڵام ئازاری توند پێویستی بە بەدواداچوون هەیە. دڕانی كڕكڕاگە بەتایبەتی لەكاتی یاری تۆپی پێ و تۆپی دەستدا حاڵەتێكی باوە، بۆیە ئەگەر تۆ وەرزشوانی ئەم یارییانە نیت، ئەوا هەوڵبدە كە مەشقی سەلامەتتر هەڵبژێریت، وەكو پیادەڕۆیی، مەلەكردن، راكردنی سووك بە كەوشی دروست. هەنگاوەكانی دیكەی پاراستنی ئەژنۆكان: بەهێزكردنی ماسوولكەكان و زیادكردنی لیاقەیان بۆ جێگیركردنی جومگەی ئەژنۆكان زۆر گرنگە، ئەویش بە مەشقی تایبەتیی وەك: لێخوڕینی پایسكل، لەكاتی هەر پێكانێكدا بە مەبەستی كەمكردنەوەی هەوكردن و ئازار بەفر بخەرە سەر جومگە، دووركەوە لە سووڕاندنی جومگەكان بەتایبەتی جومگەی نێك و ئەژنۆ، دووركەوە لە راكردن لە شوێنی هەوراز و نشێو جا بۆ سەرەوە، یان بۆ خوارەوە، لەكاتی پیادەڕۆیشدا ناوە ناوە پشوو بدە.
Top