كوارگ یان قارچك Mushrooms جۆرێكە لە كەڕوو، بەهایەكی خۆراكیی بەرزی هەیە. كوارگ دەوڵەمەندە بە پرۆتین، ریشاڵ، كانزاكانی پۆتاسیۆم، فۆسفۆر، مەگنسیۆم، سۆدیۆم، سیلینیۆم، كۆپەر، لەگەڵ ڤیتامینەكانی D،C، B1، B2،B3، B9 یان فۆلەیت. لە لێكۆڵینەوەكاندا هاتووە كە خواردنی كوارگ هەفتانە زیاتر لە 2 جار ئەگەری لاوازبوونی توانای بیرهاتنەوە و كارامەیی فێربوون تا رێژەی 52% كەم دەكاتەوە، هەروەها خواردنی كوارگ هەفتانە 1-2 جار ئەم ئەگەرە تا رێژەی 43% كەم دەكاتەوە. كوارگ جگە لەمە گەلێك سوودی تەندروستیی تری هەیە وەكو: كۆنترۆلكردنی كێشی لەش، پاراستنی تەندروستیی ئێسك لە رێگای بەرزكردنەوەی ئاستی ڤیتامین D لە لەشدا، هاندانی كرداری هەرسكردنی خۆراك بە هۆی رێژە بەرزەكەی ریشاڵ و ئەنزیم، دابەزاندنی ئاستی كۆلیستیرۆل لە خوێندا، خۆپاراستن لە تووشبوون بە رەقبوونی خوێنبەرەكان، خۆپاراستن لە نەخۆشیی شەكرە، بەهێزكردنی سستمی بەرگریی لەش، خۆپاراستن لە كەمخوێنی بەهۆی هاندانی هەڵمژینی كانزای ئاسن، كۆنترۆلكردنی پەستانی خوێن، كوارگ بەوەی كە سیفەتی دژەبەكتریا و دژەئۆكسانی هەیە، رۆڵی باڵای هەیە بۆ كەمكردنەوەی ئاستی هەوكردن لە لەشدا.