كیسی گورچیلە چییە؟

كیسی گورچیلە چییە؟
كیسی گورچیلە Renal cysts حاڵەتێكی بۆماوەییە و بریتییە لە توورەگەی پڕ لە شلەی نیمچە ئاوی. كیسی گورچیلە بەگشتی كیسی سادە و پاكن، بە شێوەی گۆ و لە قەبارەدا جیاوازن، زیاتر لە بەساڵاچوواندا بەدی دەكرێت، بێ نیشانە و بێ مەترسییە و چارەسەری ئاسان و بێ گرفتە، بەڵام حاڵەتی فرەكیسی گورچیلە Polycystickidney كاریگەریی نەرێنی دەكاتە سەر فرمانی گورچیلە لە فلتەركردنی خوێن، هەتا كیسەكان زیاتر گەشە بكەن و قەبارەیان گەورەتر بێت ئەوا گورچیلەش گەورە دەبێت و پەكی دەكەوێت. نیشانەكانی فرەكیسی گورچیلە بریتین لە: ئازار لە تەنیشتەكان، ئاوسانی سك، سەرئێشە، ڵێڵبوون و سووربوونی میز بە خوێن، زوو میزكردن، سووتانەوە لەكاتی میزكردندا. ئەم حاڵەتە لەوانەیە كە ببێتە ئەگەری چەند ئاڵۆزییەكی وەكو: بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، دروستبوونی بەردی گورچیلە،پەككەوتنی گورچیلە تا رێژەی 50%، دووبارەبوونەوەی هەوكردنی میزەڕۆ، گرفت لە زمانەكانی دڵدا، (بۆقكردنی) شاخوێنبەر Aorticaneurysm یان خوێنبەرێكی ژێر مێشك كە لەوانەیە لە هەر كاتێكدا بتەقێت و ژیان بخاتە مەترسییەوە. كیسی گورچیلە بە پشكنینی سۆنار، وێنەگرتنی رەنینی موگناتیسی MRI، یان CT سكان بە ئاسانی دەستنیشان دەكرێت.
Top