جەڵتەی مێشك Stroke بریتییە لە كەمبوونەوەی گەیشتنی خوێن بە مێشك لەبەر گیرانی خوێنبەرێك، یان لە ئەنجامی خوێنبەربوون كە سووڕی خوێن بۆ بەشێكی مێشك دەوەستێت، خانەكانی ئەو بەشەی مێشك ئۆكسجینیان لێدەبڕێت و دەمرن، سەرەنجام ئەو توانا و چالاكییانە نامێنن كە پەیوەستن بەم بەشەی مێشكەوە، وەكو توانای یاد و كۆنترۆڵی ماسوولكە. چەندێتی كاریگەریی جەڵتە لەسەر لەشدا پەیوەستە بەو شوێنەی مێشك كە دوچاری جەڵتە دەبێتەوە و تا چەند خانەكانی دوچاری مردن دەبنەوە، بۆنموونە: جەڵتەیەكی بچووك كە شوێنێكی بچووكی مێشك بگرێتەوە، ئەوا چەند نیشانەیەكی سادە پەیدادەكات، وەكو بێهێزبوونێكی كاتی لە قۆڵێك، یان لە قاچێكدا، بەڵام جەڵتەیەكی گەورە كە شوێنێكی گەورەی مێشك بگرێتەوە ئەوا لەوانەیە تووشبوو دوچاری ئیفلیجبوونێكی هەمیشەیی لایەكی لەش بێت، یان توانای قسەكردن لەدەست بدات. بەگشتی سێ جۆری جەڵتە لە تووشبوواندا بەدی دەكرێن، كە بریتین لە: یەكەم، جەڵتەی خوێنبەربوون Hemorrhagicstroke لە ئەنجامی دڕان، یان تەقینی بۆری خوێن كە تەنك، یان لاواز بووبێت، كە دەبێتە هۆی خوێنبەربوون بۆ ناو شانەكانی مێشك. دووەم: جەڵتە لەبەر كەم گەیشتنی خوێن بە مێشك Ischemicstroke كە باوترینە و لەوكاتەدا روودەدات كە یەكێك لە خوێنبەرەكان لە مێشكدا زۆر تەسك دەبێتەوە، یان دوچاری گیران دەبێت، واتە چوونی خوێن بۆ بەشێكی مێشك دەوەستێت. سێیەم: جەڵتەی بچووك Ministroke واتە وەستانی لێشاوی خوێن بۆ بەشێكی مێشك بۆ ماوەیەكی كاتیی كورت TIA، نیشانەكان كاتین و نزیكن لە نیشانەكانی جەڵتە كە تەنیا بۆ ماوەی كەمتر لە 24 كاتژمێر بەردەوام دەبن.