ناوپۆشی لووت ژمارەیەكی زۆر لە بۆڕی و موولوولە خوێنەكانی تێدایە، بۆیە یەكەم بەشە كە لەكاتی بەركەوتنی دەموچاو بە هەر زەبرێكی دەرەكی، یان بزوێنەری دەرەكی زیانی پێدەگات و دوچاری خوێنبەربوون دەبێتەوە. لووتپژان Epistaxis پەیوەندیی زۆری بە گۆڕانەكانی كەش و هەواوە هەیە، بۆنموونە كەشوهەوای وشك، كەشی ساردی زستان، كەمبوونەوەی رێژەی شێداری، یان وشكبوونی هەوا، یان بەرز و نزمیی پلەی گەرمی و رادەی شێ لە هەوای دەرەوە، یان لە هەوای ژووردا، بەتایبەتی لەكاتی گۆڕانی وەرزەكاندا كە یەكێك لە كەشێكی زۆر ساردی دەرەوە دەگەڕێتەوە ناو ماڵێكی گەرم و وشك، ئەمانە هەموویان هۆكارن بۆ روودانی لووتپژان بێ ئەوەی كە لووت دەستكاری بكرێت، یان زەبرێكی دەرەكی بەر بكەوێت. جگە لە گۆڕانەكانی كەش، گەلێك هۆكاری دیكە دەبنە ئەگەری لووتپژان وەكو: دەستكاریكردنی توند، یان پاككردنەوەی توندی لووت كە دەبێتە هۆی دڕان، یان تەقینی موولوولە ورد و ناسكەكانی خوێن لە ناوپۆشی لووتدا، هەوكردنەكانی بەشی سەرەوەی كۆئەندامی هەناسە كە زیاتر لە مانگە ساردەكانی زستاندا بەدی دەكرێن، هەستەوەریی لووت، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، زیانی لابەلای هەندێك دەرمان وەكو ئەسپرین، زیاد خواردنەوەی ئەلكهول، نەخۆشی لە كرداری مەیینی خوێندا، بوونی گرێ، یان زێدەگۆشت Nasal polyp لە ناوپۆشی لووتدا.