پیربوونی پێست Skinageing كردارێكی سروشتییە، لە هەموو كەسێكدا هاوكات لەگەڵ تەمەن روودەدات و بریتییە لە لۆچبوون، شل و شۆڕبوون، لەگەڵ گۆڕانی رەنگی پێست. پیربوونی پێست بەگشتی لە تەمەنی دوا سی ساڵی و سەرەتای چل ساڵییەوە دەست پێ دەكات، بە بوونی هۆكاری هاندەر پیربوونی پێست لە تەمەنێكی زووتر دەستپێدەكات. ئەگەرچی تا ئێستا ناتوانرێت كە بە تەواوی رێگا لە پیربوونی پێست بگیرێت، بەڵام دەتوانرێت كە بە چەند هەنگاوێك كردارەكە دوابخرێت، وەكو: خۆپاراستن لە تیشكی خۆر بە هەموو رێگایەك، بەتایبەتی بەكارهێنانی ئاوێتەی دژەهەتاو كە فاكتەری پاراستنی خۆر SPF تیایدا لە 30 كەمتر نەبێت، هاوسەنگكردنی خۆراك و هەڵبژاردنی خۆراكی دەوڵەمەند بە ڤیتامین و كانزا و ماددە دژەئۆكسانەكان، خواردنەوەی بڕی تەواوی ئاو و شلەمەنیی تەندروست لەگەڵ دووركەوتنەوە لە خۆراكی خێرا و شلەمەنییە شیرینكراوەكان، ئەنجامدانی مەشقی وەرزشی كە هاندەرە بۆ باشتركردنی سووڕی خوێن لە لەش و پێستدا، بەمەش رێژەیەكی زیاتر ئۆكسجین و ماددەی خۆراكیی گرنگ و پێویست دەگەنە خانەكانی پێست، تەرخانكردنی كاتێكی دروست بۆ خەو، پاك راگرتنی پێست و پاراستنی لە وشكبوون بە بەكارهێنانی شێداركەرەوەی Moisturizer تایبەت بە رێنمایی دكتۆر، دووركەوتنەوە لە جگەرەكێشان، كەمكردنەوەی بەكارهێنانی ئارایشت و ئاوێتەكانی جوانكاری.