هیلاكیی لەش و بێهێزیی گشتی

هیلاكیی لەش و بێهێزیی گشتی
هەستكردن بە هیلاكی و بێهێزیی گشتی، یان لەش داهێزران گرفتێكی باوە، لە زۆربەی حاڵەتەكاندا هۆكارەكان سادەن و چارەسەركردنیان ئاسانە، بۆنموونە، كەمیی ڤیتامین و كانزاكان. هەموو جۆرەكانی كەمخوێنی Anemia دەبنە ئەگەری هیلاكی و بێهێزیی گشتی كە هاوكاتە لەگەڵ نیشانەی دیكەی وەكو: كەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن، زوو ماندووبوون، رەنگ زەردبوون، سەرسووڕان، دڵەكوتێ، زوو بیرچوونەوە، بۆرژان. كەمخوێنی لەبەر كەمیی كانزای ئاسن باوترین جۆری كەمخوێنییە كە زیاتر لەبەر كەمی كانزای ئاسن لە خۆراكدا روودەدات، هەروەها لەكاتی ریجیمی خۆراكی توند بۆ دابەزاندنی كێشی لەش و لەحاڵەتی بوونی مشەخۆر لە كۆئەندامی هەرسدا روودەدات، بۆنموونە، كرمەكان بەتایبەتی لە منداڵاندا. كەمیی ڤیتامینەكان بە گشتی تەنانەت ئەگەر سووكیش بێت، هۆكارە بۆ بێهێزیی گشتی، هاوسەنگكردنی خۆراك لەگەڵ بەكارهێنانی مەڵتی ڤیتامین بە رێنمایی دكتۆر بە شێوەیەكی بەرچاو نیشانەكان كەم دەكەنەوە. هەروەها كەمیی كانزاكان تا رادەیەكی زۆر دەبنە هۆی هەستكردن بە بێهێزیی گشتی و زوو ماندووبوون، ئێستا بۆ دەستنیشانكردنی كەمیی كانزاكان جگە لە نیشانەكان، لە تاقیگەدا بە پشكنینی خوێن رێژەی هەموو كانزاكان دەزانرێت و چارەسەریش بریتییە لە پێدانی بڕی دیاریكراو لەو كانزایەی كە رێژەكەی لە لەشدا كەم بۆتەوە، بەڵام تەنیا لەژێر چاودێریی دكتۆردا، چونكە زیادبوونی رێژەی هەندێك كانزا لە لەشدا گرفتی تەندروستی پەیدا دەكات، بەتایبەتی كانزای ئاسن.
Top