لەكاتی دووگیانیدا پێویستیی لەش بە كانزای ئاسن بە شێوەیەكی سرووشتی تا دوو هێندە زیاد دەبێت، كە گرنگە بۆ دروستبوونی بڕی زیاتری هیمۆگلۆبین بە مەبەستی گەیاندنی ئۆكسجین بە كۆرپەلە، لەگەڵ ئەمەشدا پێوانەی هیمۆگلۆبین بە رێژەی 11 گم/دێسلیتر، یان زیاتر لە مانگەكانی سەرەتا و كۆتایی دووگیانیدا زیاد دەبێت، هەروەها رێژەی 10.5 گرام/دێسیلیتر لە نێوان 3-6 مانگی دووگیانیدا بە ئاسایی دەژمێررێت و پێویست بە وەرگرتنی دەنكۆڵەی ئاسن(حب) ناكات. كەمیی ئاسن دەبێتە هۆی كەمخوێنی Anemia لەبەر كەمبوونەوەی رێژەی دروستبوونی خڕۆكە سوورەكانی خوێن، ئەمەش لەكاتی دووگیانیدا لەوانەیە ببێتە هۆی لەدایكبوونی پێشوەختە، یان بچووكیی قەبارەی منداڵ لەكاتی لەدایكبوونیدا. نزیكەی نیوەی ئافرەتانی دووگیان بڕی تەواوی كانزای ئاسن لە خۆراكەوە وەرناگرن، بۆیە پێویستە كە ئاسن لە رێگای دەنكۆڵە، یان كەپسول بە رێنمایی دكتۆر وەربگرن. پێویستە كە بڕی رۆژانەی ئاسن لەكاتی دووگیانیدا بەلای كەم 27 ملگم بێت، هەروەها لەكاتی شیرداندا بەلای كەم 10 ملگم بێت. لەكاتی دووگیانی، یان لەكاتی شیردانی سرووشتیدا پێویستە كە بڕی رۆژانەی ئاسن هەرگیز لە 45 ملگم زیاتر نەبێت، چونكە بڕی زیادی ئاسن دەبێتە ئەگەری زیانی لابەلای وەكو: هێڵنج، رشانەوە، قەبزی یان سكچوون. كانزای ئاسن لە خۆراكی ئاژەڵییەوە باشتر هەڵدەمژرێت، وەك: گۆشتی سوور، جگەر، مریشك، قەلەمون. سەرچاوە رووەكییەكانی ئاسن ئەمانەن: پاقلەمەنییەكان، نیسك، سپێناغ، سۆیا.