خەو و جوانی

خەو و جوانی
توێژینەوەیەكی نوێی ئەڵمانی كاریگەرییە نەرێنییەكانی كەمخەوی دەردەخات و بە هۆكاری تێكدانی جوانیی مرۆڤی دادەنێت. پزیشكانی ئەڵمانی بەشدار لە توێژینەوەكە دەڵێن: كەمخەوی كاریگەریی نەرێنی لەسەر جوانیی روخسار و لایەنی كۆمەڵایەتی مرۆڤ هەیە، روونیشی دەكاتەوە كە دەكرێت كەمخەوی ببێتە هۆی گرژی روخسار و زوو تێكچوونی جوانیی پێست. بەڵام دەڵێن خەوی باش و دڵخۆشی پەیوەندییەكی بەهێزیان بە یەكەوە هەیە، بۆیە ئەوانەی كە زۆرتر دەخەون، روخسارێكی جوانتریان هەیە و لە رووی كۆمەڵایەتیشەوە تێكەڵترن.
پزیشكە ئەڵمانییەكان پێكەوە بەسترانی خەو و جوانی بە دیاردەیەكی راستەقینەی پاڵپشت بە توێژینەوە زانستییەكان دەژمێرن، هەروەك دەڵێن جوانكاری، چاوڕەشكردن و خەندەی ساختە لەسەر روخسار ناتوانن شوێنەواری كەمخەوی و بێبەشبوون لە خەو بشارنەوە. دەرەئەنجامی ئەو قسانەی سەرەوە تاقیكردنەوەیەكە لەسەر (127) كەس، كە بۆ ماوەی دوو مانگ شەوانە تەنیا چوار كاتژمێر و هەندێكی دیكەشیان زیاتر لە چوار كاتژمێر خەوتوون، دواتر بەراوردی روخساریان كراوە، ئەوانەی زیاتر خەوتوون، زیان بە پێستی روخساریان نەگەیشتووە، بەپێچەوانەشەوە ئەوانی دیكە گۆڕانكاری لە پێكهاتەی روخساریاندا بەدی كراوە.
Top