ئایا بەكارهێنانی باروكە زیانی تەندروستیی هەیە؟

ئایا بەكارهێنانی باروكە زیانی تەندروستیی هەیە؟
بەكارهێنانی باروكە Wigs لەم ساڵانەی دواییدا لە پیاو و ئافرەتدا لەبەر هۆكاری جیاواز زیادی كردووە، بۆ نموونە بە مەبەستی جوانكاری، قژهەڵوەرینی بۆماوەیی، تەنكبوونی قژ، هەروەهاپاش چارەسەری كیمیایی بۆ شێرپەنجە. بەكارهێنانی باروكە لەوانەیە كە زیانی لابەلای لێبكەوێتەوە، بۆنموونە: سەرئێشە، بەتایبەتی ئەگەر لە شوێنی خۆی فیت دانەنیشێت، یان گورج بێت، چونكە فشار بۆ ناوچەی سەر پەیدادەكات و دەبێتە ئەگەری دووبارەبوونەوەی سەرئێشە، هەندێك جار باروكە دەبێتە ئەگەری وشكبوونی پێستی سەر كە هۆكارە بۆ ئازار و گرفت لەبەردەم گەشەكردنی قژی نوێ، ئەگەر لەگەڵ قژهەڵوەریندا چەند هەنگاوێك نەگیرێتە بەر بەتایبەتی پاك راگرتنی قژ و پێستی سەر و ستایلكردنی قژ بەر لە دانانی باروكە لەگەڵ بەكارهێنانی شێداركەرەوەی سرووشتی بۆ پێستی سەر بەر لە دانانی باروكە، ئەوا زیان بە پێست و مووی سەر دەگات. هەستەوەری بەرانبەر بە پێكهاتەكانی باروكە گرفتێكی دیكەیە جا ئەگەر قژەكانی باروكە سرووشتی(قژی مرۆڤ Humanhairwigs)، یان دەستكرد بن و لە هەر ماددەیەكی كیمیایی دروست كرابن Syntheticwigs. لە لایەكی دیكەوە بەكارهێنانی باروكە هۆكارە بۆ كەم گەیشتی هەوا، یان ئۆكسجین بە پێستی سەر، ئەمەش دەبێتە ئەگەری پەیدابوونی كرێژ و شكانی قژ، بۆیە پێویستە ئەو جۆرانەی باروكە بەكاربهێنرێن كە رێگا بە هاتووچۆی هەوا بۆ پێستی سەر دەدەن، هاوكات لەگەڵ ناوە ناوە لابردنی باروكە. بەگشتی لە ئێستادا بەكارهێنانی باروكە بەتایبەتی كە بە دیزاینی نوێ و قەبارەی جیاواز دروستكراون، نابنە هۆی گرفتی تەندروستیی گەورە، چونكە لە رووی كێشەوە سووكن و رێگا بە ئاڵوگۆڕی هەوا دەدەن، هەروەها قژەكان لە ماددەی كوالیتی بەرز دروستكراون، كە ئەگەری هەستەوەری كەم دەكەنەوە.
Top