پیسبوونی ژینگە بە پلاستیك زیان بە تەندروستی دەگەیەنێت

پیسبوونی ژینگە بە پلاستیك زیان بە تەندروستی دەگەیەنێت
زۆربەی پلاستیكەكان بە مەبەستی پێشخستنی سیفاتەكانی بەتایبەتی رێگرتن لە كاریگەرییەكانی رووناكی، شێداری، پلەی گەرمی، هەروەها میكرۆب لەسەر گۆڕین و شیبوونەوە و كاریگەرییە خراپەكانی پلاستیك لەسەر ژینگە، لە ماددەی كیمیایی تایبەت و هەڵبژێردراو دروست كراون، لەگەڵ ئەمەشدا هێشتا گەلێك ماددە كە پەیوەست نین بە زنجیرەی كیمیایی پلاستیك و لەوانەیە كە لەژێر كاریگەریییەكی كەمی پلەی گەرمی، یان رووناكی لە پلاستیك جیاببنەوە و بگەنە هەوا، پاشان لەگەڵ هەناسە هەڵبمژرێن، یان بە بەركەوتنی راستەوخۆ بە پێست، یان رەنگە بگەنە ناو خۆراك و خواردنەوەكان و زیان بە تەندروستیمان بگەیەنن، بۆنموونە ماددەی بیسفینۆل BPA و فتالەیتەكان Phthalates كە كاریگەریی نێگەتیڤ دەكەنە سەر هاوسەنگیی هۆرمۆنەكان، ئەمەش زۆربەی ئەندامەكانی لەش دەگرێتەوە. هەروەها هەڵمژینی دوكەڵ و هەڵمی پلاستیكی سووتاو كە بۆنێكی توندی هەیە، گەرمكردنەوەی خۆراك بە فرنی مایكرۆوەیڤ لە قاپی پلاستیكدا، خواردنەوەی چا، یان قاوەی گەرم لە كوپی پلاستیكدا، دووبارە بەكارهێنانەوەی بوتلی ئاو، ئەمانە هەموویان هۆكارن بۆ جیابوونەوەی ماددەی كیمیایی لە پلاستیك و گەیشتنیان بە لەش. لە لایەكی دیكەوە،پیسبوونی ئۆقیانووسەكان بە پلاستیك كە رێژەی خواردن و كۆبوونەوەی وردەپلاستیك لە لەشی بوونەوەرەكانی دەریا و ئۆقیانووسەكان بەتایبەتی لە ماسی-دا زیاد دەكات و پاش خواردنیان، زیان بە تەندروستیی مرۆڤ دەگەیەنێت.
Top