مەشقی بەدەنی هەنگاوێكی باشە بۆ درێژكردنەوەی ژیانی تووشبووان بە نەخۆشیی شەكرە، ژیانێكی تەندروستتر، باشتر، سەلامەتتر، بەڵام بەر لە هەڵبژاردن و ئەنجامدانی مەشقی وەرزشی پێویستە سەردانی دكتۆر بكرێت، هەروەها پێوانەی ئاستی شەكری خوێن پێش دەستپێكی مەشقی فیزیكی زۆر گرنگە و پێویستە لە نێوان 100-250 ملگم/دێسیلیتردا بێت. بۆ تووشبووان بە شەكرە هەر مەشقێكی وەرزشی مامناوەندی بەلای كەم 20 خولەك هەفتانە پێنج جار گونجاوە، بۆنموونە: پیادەڕۆیی، مەلە، یۆگا، مەشقەكانی قورسایی. مەشقەكانی یۆگا جگە لەوەی كە چوستیی بەدەنی زۆریان پێویست نییە و بە ئاسانی لە هەر كات و شوێنێك ئەنجام دەدرێن، سوودی زۆریان بۆ نەخۆشانی شەكرە هەیە: بەتایبەتی بۆ: هاندانی فرمانی كۆئەندامی دەمار، كەمكردنەوەی رێژەی چەوریی لەش، كەمكردنەوەی بەرگری بەرانبەر بە هۆرمۆنی ئینسولین، كەمكردنەوەی سترێسی نەخۆشیی شەكرە. ئەنجامدانی مەشقەكانی قورسایی Weighttraining هەفتانە دوو تا سێ جار، بۆ بیناكردنی بارستایی ماسوولكەكان سوودیان هەیە، بەڵام پێویستە كە تەنیا لەژێر چاودێریی راهێنەردا ئەنجام بدرێن. پیادەڕۆیی یەكێكە لە ئاسانترین مەشقی بەدەنی و هاندەرە بۆ بەرزركردنەوەی لێدانەكانی دڵ، پیادەڕۆیی خێرا بەلای كەم هەفتانە سێ جار ئەم ئامانجە دەپێكێت. لە لایەكی دیكەوە، مەشقە هەواییەكانی وەكو مەلە، یان مەشق و یارییەكانی ناو ئاو لە لایەن زۆربەی پسپۆڕان بۆ نەخۆشانی شەكرە رێنمایی دەكرێن، چونكە سەلامەتن وهاندەرن بۆ سووتاندنی كالۆری، هەروەها سوودبەخشن بۆ حاڵەتی هەوكردنی دەمارەكانی دەوروبەر Neuropathy كە لە گەلێك لە نەخۆشانی شەكرەدا بەدی دەكرێت و دەبێتە هۆی ئازار و بێهێزی و سڕبوون لە دەست و پێیەكاندا.