تەنكبوونی قژ پاش منداڵبوون Postpartumhairloss حاڵەتێكی ئاساییە، نزیكەی 40-50%ی ئافرەتان دوچاری دەبن، خۆشبەختانە حاڵەتەكە كاتییە وبەهۆی گۆڕانی هۆرمۆنییەوە روودەدات. لەكاتی دووگیانیدا بە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی هۆرمۆنی ئیسترۆجین قژ بەهێز دەبێت و قۆناغی گەشەكردنی درێژدەبێت، بەڵام پاش منداڵبوون ئاستی هۆرمۆنی ئیسترۆجین بە شێوەیەكی بەرچاو دادەبەزێت و دەبێتە هۆی ئەوەی كە ژمارەیەكی زۆری تاڵە مووەكان بچنە قۆناغی حەسانەوە، یان قۆناغی گەشەكردنی قژ بوەستێت، ئەمەش وادەكات كە لەكاتی شووشتن و شانەكردندا بە رێژەیەكی بەرچاو تاڵەكانی قژ هەڵبوەرێن. ماوەیەك پاش منداڵبوون هاوسەنگیی هۆرمۆنەكان ئاسایی دەبێتەوە، ئینجا لەماوەی ئەوپەڕی 6-12 مانگدا سووڕی ئاسایی گەشەی قژ دەستپێدەكاتەوە. بەپێچەوانەی بۆچوونی گەلێك ئافرەت، قژهەڵوەرینی پاش منداڵبوون هیچ پەیوەندیی بە شیردانی سروشتییەوە نییە، بەگشتی ناتوانرێت كە ئەم تەنكبوونەی قژ بە تەواوی كۆنترۆڵ بكرێت، بەڵام بە پەیڕەوكردنی چەند هەنگاوێك دەتوانرێت كە لە كاریگەریی حاڵەتەكە كەم بكرێتەوە، وەكو: هاوسەنگكردنی خۆراك و گرنگیدان بەو خۆراكانەی كە چەوریی ئۆمیگا3 لەخۆدەگرن، بەكارهێنانی دەنكی مەلتی ڤیتامینMultivitamins بە رێنمای دكتۆر، زیاد خواردنەوەی ئاو، مامەڵەی دروست لەگەڵ شووشتن و ستایلكردنی قژدا، كورتكردنی قژ و گرنگیدان بە خەو.