چۆن گوشاری دەروونی دەبێتەهۆی سەرهەڵدانی شێرپەنجەی مەمک؟
لە نوێترین توێژینەوەیاندا پزیشکانی سویسرا پەیوەندییان دۆزیوەتەوە لەنێوان بەرزی ئاستی هۆرمۆنەکانی گوشار لەلایەک و سەرهەڵدان و گەشەی خانە شێرپەنجەییەکانی مەمک لەلایەکی دیکە و ئەنجامی توێژینەوەکەشیان لە جۆرناڵی (Nature) بڵاوکراوەتەوە.
د. محەممەد بێنتیرێس، پرۆفیسۆر لە زانکۆی باسل و سەرپەرشتیاری تیمی توێژینەوەکە دەڵێت: لەم توێژینەوەیەدا بۆماندەرکەوتووە ئەو خانمانەی بەردەوام گوشاری دەروونیان هەیە، لە مەترسییەکی زیاتری تووشبوونن بە شێرپەنجەی مەمک.
سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە روونیدەکاتەوە لەو خانمانەی تووشبووی شێرپەنجەی مەمکن، بەرزبوونەوەی ئاستی هۆرمۆنەکانی گوشار لەوانەش کۆرتیزۆل بڵاوبوونەوەی خانە شێرپەنجەییەکان خێرادەکات.
پزیشکانی سویسرا دەڵێن پێویستە گرنگییەکی زیاتر بە لایەنی دەروونی بدرێت بەتایبەت خانمانی تووشبووی شێرپەنجەی مەمک، هەروەها رێنماییدەدەن خانمان رۆژانە کات بۆ وەرزشکردن تەرخانبکەن، خۆراکی تەندروست بخۆن و زیاتر تەکنیکەکانی خاوبوونەوە ئەنجامبدەن.
رووداو
