جگەرەكێشان زیان بە ئێسك دەگەیەنێت

جگەرەكێشان زیان بە ئێسك دەگەیەنێت
ئەمە ئاشكرایە كە جگەرەكێشان زیان بە تەندروستی بەگشتی دەگەیەنێت بەتایبەتی سییەكان و دڵ، بەڵام ئایا دەزانیت كە جگەرەكێشان زیان بە ئێسكەكانیش دەگەیەنێت؟ نیكۆتین و ماددە كیمیاییەكانی تری جگەرە تەگەرە دەخەنە بەر گەیشتنی كانزای كالسیۆم بە ئێسكەكان، دەرەنجام ئێسك دوچاری لاوازبوون دەبێت. لە لایەكی ترەوە، جگەرەكێشان ئاستی ڤیتامین D لە لەشدا دادەبەزێنێت، ئەمەش هۆكارە بۆ لاوازبوونی ئێسك. ڤیتامین D یەكێكە لەو ڤیتامینانەی كە لە چەوریدا دەتوێتەوە و پێویستە بۆ لەش، چونكە رۆڵی هەیە بۆ هەڵمژین و سوودوەرگرتن لە كانزای كالسیۆم كە گرنگە بۆ پتەویی ئێسك و ددانەكان. ڤیتامین D دوو جۆری هەیە، ڤیتامین D2 (ئێرگۆكالسیفیرۆل Ergocalciferol)، ڤیتامین D3 (كۆلیكالسیفیرۆل Cholecalciferol) كە زیاتر پەسند دەكرێت، بەڵام هەردووكیان كۆگاكانی ڤیتامینD لە لەشدا پڕدەكەنەوە. كەمی ڤیتامین D لە گەورەكاندا دەبێتە هۆی بێهێزبوونی ئێسكەكان Osteomalacia. ڤیتامین D بە رێژەیەكی بەرز لە خۆراكدا نییە، بەڵكو بەركەوتن بە تیشكی خۆر سەرچاوەی سەرەكییە، چونكە لەش دەتوانێت بە بەركەوتن بە تیشكی خۆر ڤیتامین D لەژێر پێستدا دروست بكات. لە پیشەسازی خۆراكدا ڤیتامین D دەخرێتە ناو گەلێك خۆراكەوە وەكو شیر، سیریلاك، پەنیر و خۆراكی تر.
Top