نەخۆشی شەكرە Diabetes نەخۆشییەكی درێژخایەنە، تا ئێستا چارەسەری یەكجارەكی بۆ نییە، بۆیە تووشبوو پێویستە كە بە درێژایی تەمەنی پابەند بێت بە پارێزی خۆراك و بەكارهێنانی دەرمان و پەیڕەوكردنی رێنماییەكانی دكتۆر. نەخۆشی شەكرە ئەگەر بە باشی كۆنترۆل نەكرێت ئەوا دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی چەندین ئاڵۆزی، بۆ نموونە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، نەخۆشی خوێنبەرەكانی دڵ، ئاوی سپیی و ئاوی رەش لە چاودا، گرفت لە گورچیلەدا، هەوكردنی دەمارەكان. نزیكەی سێیەكی نەخۆشانی شەكرە دوچاری چەند گرفتێك دەبنەوە لە پێستدا بەتایبەتی ئەوانەی كە ئاستی شەكری خوێنیان بە تەواوی كۆنترۆل نەكراوە. هەندێك لەم گرفتانەی پێست تایبەتن بە نەخۆشی شەكرە كە لە ئەنجامی تێكچوونی لێشاوی خوێن بۆ پێست روودەدەن یان لە ئەنجامی هەوكردن لەبەر كزبوونی بەرگریی لەش لە نەخۆشانی شەكرەدا. گرفتەكانی پێست كە پەیوەستن بە نەخۆشی شەكرە بریتین لە: وشكبوونی پێست و خورشت، هەوكردنەكانی پێست بە بەكتریا وەكو هەوكردنی رەگی مووەكان Folliculitis، هەوكردنی نینۆك، قونێری بچووك، هەوكردن بە كەڕوو وەكو هەوكردنی نێوان پەنجەكانی دەست و پێ بە كەڕووی كاندیدا و كەڕووی تر، تاریكبوونی رەنگی پێست لە دەوری ملدا Acanthosis nigricans، لەگەڵ چەندین گرفتی تر.