رێگاكانی جوانكاریی گەورەكردنی لێو

رێگاكانی جوانكاریی گەورەكردنی لێو
بە رای گەلێك ئافرەت سووراو، لێوی پڕ روخساری گەنجێتییان بۆ دەگەڕێنێتەوە. ئەگەرچی مێژووی بەكارهێنانی سووراوی لێو بۆ سەدان ساڵ دەگەڕێتەوە و پێشكەوتنی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام ئێستا تەكنیكەكانی گەورەكردنی لێو Lip enhancment لە سووراو و رەنگی دیكەی لێویان تێپەڕاندووە، بۆ نموونە ماددەی پڕكردنی لێوLip plumpers، فیلەری لێو Lip fillers و رێگای تر. بۆ گەورەكرنی كاتیی لێو گەلێك ئاوێتەی پڕكردنی لێو لەبەردەستدان كە بە یەكێك لەم 2 رێگایە یان میكانیزمە كاردەكەن كە بریتین لە سووتانەوەی پێست یان زیادكردنی رێژەی شێداری لە پێستدا. بەگشتی زۆربەی هەرە زۆری ئاوێتەكان پێكهاتەی هاوبەش لەخۆدەگرن. بۆ كاریگەری درێژخایەن، دەرزی كۆلاجین Collagen بۆ گەورەكردنی لێوەكان بەكاردێت كە كاریگەرییەكەی بۆ ماوەی 2.5- 4 مانگ دەمێنێتەوە. گەلێك ماددەی تر بۆ گەورەكردنی لێو بە شێوەی دەرزی خۆجێیی راستەوخۆ بۆ لێو بەكاردین وەكو: چەوری، ترشی هایالیورۆنیك Hyaluronic acid، كالسیۆم هایدرۆكسیل ئەپەتایت Calcium hydroxylapatite..تاد. كاریگەری هیچ یەكێك لەم ماددانە هەمیشەیی نییە، بۆیە پێویستە كە پاش ماوەیەك دووبارە بەكاربهێنرێتەوە. بۆ گەورەكردنی هەمیشەیی لێو، نەشتەرگەریی چاندنی تەنی تایبەت لە لێودا Lip implants تاكە رێگایە كە دەكرێ ماددەی دەستكرد یان شانەی سروشتی تایبەت لە ناو لێوەكاندا بچێنرێت. زیانە لابەلاكانی هەموو رێگاكانی گەورەكردنی لێو بریتین لە: هەستەوەری یان هەوكردن.
Top