ئازار لە بەشی پێشەوەی ئەژنۆدا كە لە بەشی پێشەوە و ناوڕاستی ئەژنۆدا هەستی پێدەكرێت چەندین هۆكاری هەیە، بۆ نموونە داڕوشانی كڕكڕاگەی سابوونەی ئەژنۆ Chondromalacia patella واتە ئەو كڕكڕاگەیەی كە ژێرەوەی سابوونەی ئەژنۆ دادەپۆشێت كە بەهێزترین كڕكڕاگەیە لە لەشدا نەرم دەبێت و تێكدەشكێت، هەوكردنی ژێی سابوونەی ئەژنۆ Tendinitis، لەجێوونی سابوونەی ئەژنۆ كە زیاتر ئاراستەكەی بەرەو لای دەرەوەی ئەژنۆ دەبێت، هەوكردنی ژێی ماسوڵكەی چوارگۆشەیی (ماسوڵكەی پێشەوەی ران Quadriceps) كە دەبێتە هۆی ئازار لە شوێنی لكانی ژێی ماسوڵكەكە بە سابوونەی ئەژنۆ، ناجێگیریی سابوونەی ئەژنۆ لە شوێنی خۆیدا Maltracking. ئازار لە پێشەوەی ئەژنۆ لەوكاتەدا روودەدات كە سابوونەی ئەژنۆ بە دروستی جوولە ناكات لەسەر بەشی خوارەوەی ئێسكی راندا، ئەو هۆكارانەی ئەم گرفتە پەیدا دەكەن ئەمانەن: گرژبوون یان لاوازبوونی ماسوڵكەكانی پێشەوە و پشتەوەی ران، فشاری زیاد لەسەر سابوونەی ئەژنۆ لەبەر مەشقی راكردن یان پازدان یان یاری تۆپی پێ، تەختبوونی پێ Flat foot، كێشی زیاد و قەڵەوی، زەبر كە ببێتە لەجێچوون یان شكانی سابوونەی ئەژنۆ، هەوكردنی جومگەی ئەژنۆ. چارەسەركردن دەستپێدەكات بە حەساندنەوەی ئەژنۆ بۆ ماوەیەكی كورت لەگەڵ بەكارهێنانی دەرمانی دژەئازار و دژەهەوكردن وەكو برۆفین یان ئەسپرین، هەروەها پەیڕەوكرنی ئەم هەنگاوانە: گۆڕینی شێوەی مەشقكردن، ئەنجامدانی مەشقی تایبەت بۆ بەهێزكردنی ماسوڵكەكانی پێشەوە و پشتەوەی ران، بەكارهێنانی شریت یان تێپی تایبەت بە سابوونەی ئەژنۆ بە مەبەستی جێگیربوونی لەكاتی جوولەدا، دابەزاندنی كێشی زیاد، بەكارهێنانی كەفشی تایبەت لە حاڵەتی تەختبوونی پێ، بەكارهێنانی كەفشی تایبەت لەكاتی مەشق و راكردندا.