زێدەبزۆكیی منداڵ

زێدەبزۆكیی منداڵ
زێدەبزۆكیی منداڵ Hyperactive kid واتە چالاكیی و جوولەی لە رادەبەدەری منداڵ. ئەم حاڵەتە، كەسانی دەوروبەر بەتایبەتی دایك و باوك و مامۆستا لە قوتابخانەدا بە توندی ناڕحەت دەكات. زێدەبزۆكی گرفت بۆ منداڵی تووشبوو پەیدا دەكات بە شێوەی گرفت لە تەركیز و سەرنجدان، هەروەها گرفت لە هێوربوونەوەدا، بۆ نموونە گرفت لە قوتابخانە، گرفت لە پێوەندی لەگەڵ هاوەڵ و خێزاندا، هەروەها ئەگەری رووداو و برینداربوون زیاد دەكات. یەكێك لە گرفتە سەرەكییەكانی پەیوەست بە زێدەبزۆكی بریتییە لە گرفتی زێدەبزۆكی بێ وریابوون ADHD. باوترین هۆكارەكانی زێدەبزۆكیی منداڵ ئەمانەن: گرفت لە كۆئەندامی دەمار یان مێشك، زیادبوونی چالاكیی گلاندی دەرەقی Hyperthyroidism، گرفتە دەروونییەكان، گرفتەكانی خەو. بەگشتی، مامەڵەكردن لەگەڵ منداڵی زێدەبزۆك ئاسان نییە، مەرجیش نییە كە هەر هەنگاوێكی كۆنتڕۆڵكردن بۆ هەموو منداڵە زێدەبزۆكەكان بە هەمان ئەندازە كاریگەری هەبێت، بەڵام دەتوانیت كە زێدەبزۆكی بە لاڕێدا بەریت و بە شێوەیەك منداڵ سەرقاڵ بكەیت كە وزە بۆ ئەنجامدانی چالاكی سوودبەخش تەرخان بكات. ئەمەش زۆر گرنگە كە هۆكارەكانی زێدەبزۆكی منداڵەكەت بزانیت بۆ ئەوەی بتوانیت كە بە شێوەیەكی گونجاو رەفتاری لەگەڵدا بكەیت و كۆنتڕۆڵی بكەیت. زێدەبزۆكیی منداڵ ئەگەر زوو دەستنیشان بكرێت و بە دروستی چارەسەربكرێت، ئەوا منداڵی تووشبوو بە تەواوی چاك دەبێتەوە.
Top