هێڵنج و رشانەوەی ناو ئۆتۆمبیل

هێڵنج و رشانەوەی ناو ئۆتۆمبیل
هەندێك كەس لەكاتی سەفەر بە ئۆتۆمبیل، شەمەندەفەر، فڕۆكە، بەلەم، یان كەشتی دەریا دوچاری دەردی جوولانەوە Motion sickness دەبن. ئەم حاڵەتە لەوانەیە ك بە شێوەیەكی كتوپڕ سەرهەڵبدات لەگەڵ رەنگ هەڵبزركان و ئارەقەیەكی سارد و خێرابوونی هەناسە، سەرئێشە، ناڕحەتی لە ناوچەی سكدا، زیادبوونی دەردانی لیك، لەوانەشە كە ببێتە ئەگەری سەرسووڕان و هێڵنج یان رشانەوە كە مرۆڤ تووشی بێهێزی هیلاكی دەكەن، رشانەوەی زۆریش دەبێتە هۆی دابەزینی پەستانی خوێن و كەمبوونەوەی شلە لە لەشدا Dehydration. مێشك هەست بەو جوولانەوەی لەش دەكات بە رێگای چاوەكان و گوێی ناوەوە، هەروەها بە رێگای ماسوڵكە و جومگەكان. لەو كاتەی كە ئەو سیگناڵانەی كە لەم شوێنانەوە دەگەنە مێشك لەگەڵ یەكتریدا هەماهەنگ نەبن، ئەوا كێشەی یان دەردی جوولانەوە سەرهەڵدەدات. دەكرێ بە چەند رێگایەك ئەگەری سەرهەڵدانی دەردی جوولانەوە كەم بكرێتەوە، بۆ نموونە دانیشتن لەسەر گوشنی پێشەوەی ئۆتۆمۆبیل یان لەناو فارگۆنەكانی پێشەوەی شەمەندەفەر، هەروەها دانیشتن لەسەر كورسییەكانی باڵی فڕۆكەدا، هەروەها سەیركردنی دوور باشترە لە خوێندنەوە، لەگەڵ هەڵمژینی هەوای پاك و راگرتنی سەر بەبێ جوولە، دووركەوتنەوە لە جگەرەكێشان و خواردنەوەی ئەلكهول پێش سەفەركردن. گەلێك دەرمان هەن بۆ رێگرتن لە سەرهەڵدان و بۆ چارەسەركردنی دەردی جوولانەوە كە ماوەیەك بەر لە سەفەركردن بە شێوەی دەنك یان دەرزی وەردەگیرێن.
Top