لە لێكۆڵینەوەكاندا هاتووە كە ئافرەت دوو هێندەی پیاوان حەز لە خواردنی شیرینی دەكات وەكو شوكولاتە و نەستەلە و هەویركارییە شیرینەكان بەتایبەتی لەكاتانەی كە دەكەوێتە ژێر سترێس و گوشاری دەروونی، بۆیە گەلێك ئافرەت لەكاتی غەم و دڵتوندیدا لەبەر زیاد خواردنی شیرینی و ئەو خۆراكانەی كە وزەیەكی بەرز لەخۆدەگرن كێشی لەشیان زیاد دەكات. لە هەندێك كەسیشدا حەز لە خۆراكی شیرین هێندە بەتێن دەبێت كە دەگاتە ئەندازەی راهاتن لەسەر شەكر Sugar addiction هەر وەكو راهاتن لەسەر هەندێك دەرمان كە ناتوانرێت بە ئاسانی وازی لێ بهێنرێت. بۆ سووككردن یان زاڵبوون بەسەر حەزی شیرینیدا، پەیڕەوی چەند هەنگاوێك بكە وەكو: گرنگیدان بەوەی كە ژەمەكانی خۆراك جۆراوجۆر بن و هەموو ماددە گرنگەكان بە رێژەی گونجاو لەخۆبگرن وەكو پرۆتین، چەوری و خۆراكی رووەكی و سەوزە و میوە، بە پێی توانا دووركەوە لە خۆراكی كاربۆهیدراتی و نیشاستە و شەكرەكان، چونكە ئەم خۆراكانە حەزی خواردنی شەكر و شیرینی زێتر دەكەن. هەوڵ بدە كە ژەمەكانی خۆراكت رێكبخەیت، بەم شێوەیە ئاستی شەكری خوێن تا ئەو رادەیە دانابەزێت كە ببێتە هۆی هەستكردن بە برسیبوون و وروژاندنەوەی حەزی شیرینی. هەوڵ بدە كە لەكاتی هەستكردنت بە حەزی شیرینی فشار لە خۆت بكەیت و لەجیاتی خواردنی شیرینی مەشقێكی وەرزشی وەكو رۆیشتن ئەنجام بدەیت، حەزی توند بۆ خواردنی شیرینی ئەوپەڕی بۆ ماوەی 10-20 خولەك دەمێنێتەوە ئینجا لەخۆیەوە نامێنێت، بۆیە ئەگەر بتوانیت كە هەر لەگەڵ هەستكردن بە حەزی شیرینی خۆتی لێ بدزیتەوە بۆ ماوەیەكی دیاریكراو ئەوا حەزەكە نامێنێت، ئەگینا لەكاتی گەڕانەوەی حەزی شیرینی پارچەیەك میوە بخۆ لەگەڵ خواردنەوەی بڕێكی زۆری ئاو.