باوترین هۆكاری سووربوونەوەی چاو بریتییە لە هەوكردنی لینجە چینی كۆنجەكتایڤا Conjuctivitis كە ناوپۆشی پێڵوەكان و رووی گۆیی چاو دادەپۆشێت. ئەم نەخۆشییە جگە لە سووربوونەوەی چاو، چەند نیشانەیەكی تریش لەخۆدەگرێت وەكو: ئاوسانی پێڵووەكان، خورشت و هەستكردن بە سووتانەوە لە چاودا، زیاد فرمێسككردن، هەستكردن بە بوونی تەنێكی بیانی لە چاودا، ناڕحەتبوونی چاوەكان بە رووناكی Photophobia. هۆكارەكانی هەوكردنی كۆنجەكتایڤا بریتین لە: هەوكردن بە ڤایرۆس یان بەكتریا، وشكبوونی چاو لەبەر كەمبوونەوەی دەردانی فرمێسك یان لەبەر زیاد بەركەوتنی چاوەكان بە تیشكی خۆر یان با، بەركەوتنی چاو بە ماددەی كیمیایی یان دوكەڵ، هەستەوەری چاو Eye allergy. هۆكارەكانی تری سووربوونەوەی چاو Red eye بریتین لە: تەنی بیانی لە چاودا وەكو پارچە كانزا یان ئاسن یان مێروو و زیندەوەری بچووك، داڕوشان یان برینداربوونی چاو بەهۆی زەبری دەرەكی، هەوكردنی شانە قووڵەكانی چاو، ئاوی شین یان ئاوی رەش Glaucoma. هەوكردنی پێڵووەكانی چاو Blepheritis یان باپشكێو Chalazion دەبێتە هۆی ئاوسان و سووربوونەوەی پێڵووەكان لەگەڵ كەمبوونەوەی دەردانی فرمێسك و وشكبوونی چاو.