ئەگەر باش نەخەوێت كێشت زیاد دەكات

ئەگەر باش نەخەوێت كێشت زیاد دەكات
ئایا دەزانی كە كەم نووستن یان بە تێكڕایی كەمتر لە 6 كاتژمێر شەوانە پەیوەندی بە زیادبوونی كێشی لەشەوە هەیە. هەر چەند ژمارەی كاتژمێرەكانی خەوتن كەمتر بن، هێندە رێژەی زیادبوونی كێش زیاتر دەبێت، بۆنموونە نووستن كەمتر لە 4 كاتژمێر لە ماوەی شەو و رۆِژێكدا دەبێتە هۆی زیادبوونی كێشی لەش بە رێژەی 70%، هەروەها نووستن بۆ ماوەی 5 كاتژمێر ئەگەری زیادبوونی كێش بە رێژەی 50% زیاد دەكات، لە كاتێكدا ئەگەری زیادبوونی كێشی لەش دەگاتە 20% لەو كەسانەی كە كەمتر لە 6 كاتژمێر دەخەون. ئەگەرچی لەش بڕێكی كەمی كالۆری لەكاتی نووستندا دەسووتێنێت كە دەگاتە نزیكەی 50 كالۆری لە یەك كاتژمێردا، بەڵام كەم خەوتنی درێژخایەن كاریگەری دەكاتە سەر چۆنییەتی مامەڵەكردنی مێشك لەگەڵ ئارەزووی خواردندا. كەم نووستن دەبێتە ئەگەری دابەزینی لێپتین Leptin، ئەو پرۆتینەی كە ئارەزووی خواردن دادەمركێنێت، بەمەشەوە كاریگەری دەكاتە سەر توانای مێشك بۆ دیاركردنی كاتی وازهێنان لە خواردن یان كاتی هەستكردن بە تێربوون. لە هەمان كاتیشدا، كەم نووستن دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی گرێهَلین Grehlin، ئەو هۆرمۆنەی كە هانی ئارەزووی خواردن دەدات و وامان لێدەكات كە بەردەوام بین لەسەر خواردن. جگە لەمانە، كەم نووستن كاریگەری دەكاتە سەر توانای هەر كەسێك بۆ بڕیاردانێكی تەواو سەبارەت بە جۆر و چەندێتی و چۆنییەتی خواردن كە زۆر جار خۆراكی ناتەندروستییانە دەخۆن بەتایبەتی لەكاتی هەستكردن بە هیلاكی و بێهێزی لە ئەنجامی كەم نووستندا، ئەمەش زۆر جار دەبێتە ئەگەری زیادبوونی كێش.
Top