بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن Hypertension، نەخۆشییەكی درێژخایەنە، چارەسەری یەكجارەكی بۆ نییە، تەنیا بە پارێز و دەرمان كۆنترۆل دەكرێت، تووشبوو پێویستە كە بە درێژایی تەمەنی پابەندی پارێزی خۆراك و بەكارهینانی دەرمان بێت. هۆكاری راستەقینەی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن تا ئێستا بە تەواوی نەزانراوە، بەڵام هۆكارە هاندەرەكاری تووشبوون بریتین بە: زیادبوونی كێش و قەڵەوی، نەخۆشی شەكرە، زیاد خواردنی خوێ، بوونی مەیلی خێزانی(بۆماوە) بۆ تووشبوون كە تا رێژەی 30% هۆكارە، پەككەوتنی گورچیلە. بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن بە بكوژی بێدەنگ Silent Killer ناسراوە چونكە لە قۆناغە سەرەتاییەكانیدا بێ نیشانەیە تا ئەوكاتەی كە گرفت لە ئەندامێكی لەش پەیدا دەكات، بۆ نموونە دڵ یان مێشك، گورچیلە یان چاو. بەربوونەوەی پەستانی خوێن بە باوترین هۆكاری جەلتەی مێشك هەژمار دەكرێت كە لەوانەیە هەندێك جار كوشندە بێت، زۆر جاریش دەبێتە ئەگەری ئیفلیجبوونی نیوەی لەش. ئەگەری دووبارەبوونەوەی جەلتەی مێشك هەردەم لە ئارادایە ئەگەر نەخۆش بە تەواوی پابەندی دەرمان و پارێز نەبێت و زوو زوو تەندروستی خۆی لە لایەن دكتۆر بەسەرنەكاتەوە.