گیراوەی شووشتنی دەم Mouthwash یان غەرغەرە بۆ شووشتنی دەم و ددان بە مەبەستی لەناوبردنی میكرۆب لەناو بۆشایی دەمدا بەكاردێت. گەلێك كەس بەتایبەتی پاش شووشتنی ددانەكان بە فڵچە و هەویری ددان جۆرێك گیراوەی شووشتنی دەم بەكاردێنن بە مەبەستی پاراستنی دەم و ددان و خۆشبوونی بۆنی دەم و بۆنی هەناسە. هەندێك سەرچاوە ئاماژە بەوە دەكەن كە غەرەغەرە سوودی هەیە بۆ پاككردنەوەی دەم لە پاشماوە وردەكانی خۆراك و میكرۆب لە كەلێنی ددان و شوێنەكانی تری بۆشایی دەمدا كە پاشماوەی خۆراكیان لێدەمێنێتەوە، هەروەها بە مەبەستی لابردنی ئەو چینەی یان ئەو قەتماخەی سەر ددان و پوك Plaque كە هۆكارە بۆ كۆبوونەوەی بەكتریا و كلۆربوونی ددان، بۆ ئەم مەبەستە چەند سەرچاوەیەكی تر دەڵێن كەلەوانەیە شووشتنی دەم بە ئاو هەمان ئەم كاریگەرییەی هەبێت. گەلێك كەس ئەم پرسیارە دەكەن كە ئایا لەپاش شووشتنی ددان بە فڵچە و هەویری ددان، غەرەغەرە پێویست دەكات وەكو هەنگاوێكی تر بۆ پاككردنەوەی دەم و ددان نەك وەكو جێگرەوەیەك بۆ فڵچە و هەویری ددان؟ ئەگەرچی زۆرینەی پسپۆران ئاماژە بەوە دەكەن كە بەكارهێنانی زۆربەی جۆرەكانی غەرەغەرە بێ زیانە، بەڵام رێنمایی ئەمە ناكەن تەنیا بۆ هەندێك حاڵەتی دیاریكراو نەبێت بەتایبەتی هەوكردنەكانی دەم.