ئەمە لە لایەن زانایان زۆر روونە كە چۆن پارێزگاری لەو ژمارە زۆرەی بەكتریای سوودبەخشی ناو ریخۆڵە دەكەیت تەنیا بەوەی كە چ دەخەیتە ناو كۆئەنامی هەرستەوە كە گۆڕان بەسەر بەكتریای ریخۆڵەدا دێنێت. هەمان مەسەلە بۆ چاویش گرنگە، دانانی هاوێنەی لكاو بەكتریای سروشتیی چاو دەگۆڕێت بۆ ئەو جۆرانەی بەكتریا كە نزیكن لە بەكتریای پێست.ئەمە زانراوە كە بەكارهێنانی هاوێنەی لكاو Contact lenses ئەگەری هەوكردنی چینی كۆرنیای چاو Keratitis و هەوكردنەكانی تری چاو زیاد دەكات. هەوكردنی چینی كۆرنیا بە بەكتریا یان كەڕوو یان میكرۆبی تر حالەتێكی بە ئازارە و هاوكاتە لەگەڵ مەترسی لەدەستدانی بینیندا ئەگەر فەرامۆش بكرێت، بەڵام بە زوو دەستنیشانكردن و چارەسەركردن زۆربەی حاڵەتەكان هیچ مەترسییەكان بۆ چاو نابێت. هەر كەسێك كە هاوێنەی لكاو بەكاردێنێت، ئەگەر دوچاری سووربوونەوە یان ئازار لە چاودا بێت، پێویستە كە بە زووترین كات سەردانی دكتۆری چاو بكات. خەزنكردنی نادروست، زوو نەگۆڕینی گیراوەی پاككردنەوەی هاوێنەی لكاو، دانانی هاوێنەی لكاو بۆ ماوەیەكی زۆر یان بە درێژایی شەو ئەگەری هەوكردن و ئاڵۆزییەكان لە چاودا زیاد دەكەن.بە هەرحاڵ، بە شێوازی دروستی بەكارهێنانی هاوێنەی لكاو دەتوانرێت كە ئەگەری هەوكردنی چینی كۆرنیا كەم بكرێتەوە، بۆ نموونە پەیڕەوكردنی خاڵەكانی پاكوخاوێنی هاوێنەی لكاو بەر لە هەر جارێك كە دانەنرێت، شووشتن و وشككردنەوەی دەستەكان پێش بەكارهێنان، مەهێڵە هاوێنەی لكاو بە هیچ شێوەیەك بە ئاو تەڕبێت، پاشان دووبارە پاككردنەوەی تەنیا بە گیراوەی تایبەت و وشككردنەوەی ئینجا هەڵگرتنی لە قوتووی تایبەتی خۆیدا، هەر 3 مانگ جارێك قوتووی هەڵگرتن بگۆڕە.