گواستنەوەی منداڵدان Uterus Transplants لە هەندێك حاڵەتی نەزۆكیدا دەبێتە تاكە هیوا، ئەم نەشتەرگەرییە زۆر ئاڵۆزترە لە نەشتەرگەری لابردنی منداڵدان و 7- 11 كاتژمێر دەخایەنێت، چونكە جگە لە منداڵدان، ملی منداڵدان و بەشێكی زێ و بۆڕییەكانی خوێن و شانەی تری نزیك لادەبرێن كە پێویستن بۆ جێگیركردنی منداڵدان. منداڵدان لە ئافرەتێكی تازەمردوو یان ئافرەتێكی تەندروست وەردەگیرێت، لە دەرەوەی لەشدا دەكرێ منداڵدان بۆ ماوەی 6- 8 كاتژمێر بە هۆی ساردیی بمێنێتەوە. پێش گواستنەوەی منداڵدان، چەند هۆرمۆنێك بۆ ئافرەت بەكاردێن بە مەبەستی هاندانی هێلكەدانەكان بۆ بەرهەمهێنانی پتر لە یەك هیلكۆكە، گەلێك جار زیاتر لە یەك كۆرسی بەكارهێنانی هۆرمۆن پێویست دەكات، پاشان هێلكۆكەكان كۆدەكرێنەوە و بە سپێرمی هاوسەر لە تاقیگادا دەپیتێنرێن (واتە پێتاندن لە دەرەوەی لەشدا IVF وەكو پرۆسەی منداڵی تیوب) و فریز دەكرێن، پاش بەدەستهێنانی 10 هێلكۆكەی پیتراو لەناو فریزەردا ئینجا نەشتەرگەری گواستنەوەی منداڵدان ئەنجام دەدرێت. پاش نەشتەرگەری گواستنەوەی منداڵدان، پێویستە كە نەخۆش بۆ ماوەی یەك ساڵ چاوەڕێ بكات هاوكات لەگەڵ بەكارهێنانی دەرمانی دژی رەتكردنەوەی ئەندامی بێگانە Anti-rejection drugs، ئینجا لە كاتێكی دیاریكراودا كۆرپە بۆ منداڵدان دەگوازرێتەوە، پاش تەواوبوونی ماوەی سروشتی دووگیانی منداڵبوون تەنیا بە نەشتەرگەری قەیسەری دەبێت چونكە لەوانەیە كە منداڵدانی گوازراوە بەرگەی گرژبوون و سترێسی منداڵبوونی ئاسایی نەگرێت.