چای و قاوە، هەردووكیان وەكو یەك تەندروستییانەن، بەڵام باشی و خراپی هەر یەكێكیان كەمێك لەوی تر جیاوازن. چای ماددەی دژەئۆكسان لەخۆدەگرێت كە گرنگن بۆ خۆپاراستن لە رەقبوونی خوێنبەرەكان، بۆیە چاخۆرەكان ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشی دڵ و جەلتە كەمە، هەروەها چای تەندروستیی مێشك باشتر دەكات لەگەڵ پاراستنی چڕی و پتەویی ئێسك. چای ماددە تانینەكان Tanins لەخۆدەگرێت كە هۆكارن بۆ كەمكردنەوەی هەڵمژینی كانزای ئاسن لە كۆئەندامی هەرسدا تا رێژەی 62% بەتایبەتی لە خۆراكە رووەكیەكاندا لەوكاتەی كە چای لەگەڵ ژەمی خۆراكدا دەخورێتەوە، كەچی رێژەی كەمبوونەوەی هەڵمژینی ئاسن پاش خواردنەوەی قاوە دەگاتە 35%. قاوە سەرچاوەیەكی دەوڵەمەندە بە ماددە دژەئۆكسانەكان كە رۆڵیان هەیە بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشی شەكرە، نەخۆشی پاركینسۆن، لەگەڵ چەند جۆرێكی شێرپەنجە. هەندێك ماددە بە شێوەیەكی سروشتی لە قاوەی سافنەكراو یان فلتەرنەكراودا هەن كە ئاستی كۆلیسیترۆل كەمێك بەرزدەكەنەوە. زیاد خواردنەوەی قاوە (زیاتر لە 4 كوپ قاوەی خەست لە رۆژێكدا) هاندەرە بۆ كەمبوونەوەی چڕیی ئێسك یان پوكانەوەی ئێسك تا رێژەی 2- 4%. قاوە بەگشتی رێژەیەكی بەرزتری كافائین Caffeine لەخۆدەگرێت، زیاد وەرگرتنی كافائین هۆكارە بۆ زوو هەڵچوون و هەستكردن بە ناڕحەتی و بەرزبوونەوەكی كاتی پەستانی خوێن. قاوە هانی گورچیلەكان دەدات بۆ زیاتر دەردانی ئاو، بۆیە لەكاتی خواردنەوەی قاوەدا بۆ رێگرتن لە كەمبوونەوەی شلەی لەش، پێویستە كە زوو لەش بە خواردنەوەی ئاو قەرەبوو بكرێتەوە. كافائینی ناو قاوە و چای رۆڵی هەیە بۆ بەلاوەنانی هەستكردن بە ماندووبوون و هیلاكی لەبەر كەم نووستن، بەڵام بۆ رێگرتن لە خەوزڕان پێویستە كە 6 كاتژمێر بەر لە كاتی نووستن خواردنەوەی قاوە یان چای رابگیرێت.