خەنە باشترە یان بۆیەی قژ؟

خەنە باشترە یان بۆیەی قژ؟
بۆیەكردنی قژ گەلێك زیانی لابەلای هەیە كە باوترینیان وشكبوونی قژە بەتایبەتی لە كۆتایی تاڵە مووەكاندا، هەروەها لەوانەیە كە ببێتە هۆی زیادبوونی رێژەی هەڵوەرینی ئاسایی قژ، شكان، یان بە ئاسانی پچڕانی قژ لەكاتی ستایلكردن، یان شووشتن، یان وشككردنەوە و شانەكردندا، لەگەڵ ئەگەری هەستەوەری لە پێستی سەردا بە شێوەی سووربوونەوە و سووتانەوە و خورشت. خەنە Henna بەرهەمێكی رووەكییە، بۆ قژ و پێست بەكاردێت، هیچ ماددەیەكی كیمیایی لەخۆناگرێت بە بەراورد لەگەڵ هەموو جۆرەكانی بۆیەی قژ، هەروەها زیاتر سروشتییەو لە بۆیەی قژ هەرزانتر دەوەستێت. سوودەكانی خەنە بریتین لە: داپۆشینی تەواوی قژ، چونكە بە كیراتینی قژەوە دەنووسێت، لە لایەنی فیزیكییەوە قەدی موو بەهێز دەبێت بەرانبەر بە شكان و پچڕان بەتایبەتی لەكاتی شانەكردن و ستایلكردنی قژدا، هەروەها بەرگەی زیاتر دەبێت بەرانبەر بە كاریگەرییە دەرەكییەكان، هێشتنەوەی چەوری قژ و پاراستنی لە وشكبوون. قژ بە خەنە لووس و بریقەدار دەبێت لەگەڵ رێگرتن لە تێكئاڵانی قژ و ئاسانبوونی ستایلكردنی. خەنەی ساف Pure henna بەبێ زیادكردنی هیچ ماددەیەك رەنگێگی سووری تاریكی هەیە. زیادكردنی سركە یان ئاوی لیمۆ رەنگی خەنە گەشتر دەكات، زیادكردنی كۆپەر رەنگەكەی دەكاتە نارنجی، بە تێكەڵكردنی قاوە یان دارسین رەنگەكەی تۆختر دەبێت، هەروەها لەگەڵ دووبارە بەكارهێنانی خەنەشدا رەنگی قژ تاریكتر دەبێت.
Top