گەلێک کەس پاش خواردنی ژەمی نیوەڕۆ Lunch دوچاری بۆرژان دەبنەوە و گەلێکیان بە گەدەی پڕەوە بۆ ماوەیەک دەخەون. ئەمە گرفتێکی گەورەیە بەتایبەتی بۆ ئەو کەسانەی کە پاش ژەمی نیوەڕۆ دووبارە دەچنەوە سەر کار و پیشەیان. بۆ رێگرتن لەم گرفتە، پەیڕەوی چەند خاڵێک بکە، بۆ نموونە شەوانە ٨ کاتژمێر بۆ نووستن تەرخان بکە، ھەوڵ بدە کە رۆژانە لە ھەمان کاتدا لە خەو ھەڵسیت. بڕی چەوری و شیرینی لە ژەمی خۆراکی نیوەڕۆدا کەم بکەوە، ئەگەر حەزت لە شیرینییە وا باشترە کە لەجیاتی شیرینی دەستکرد بڕێک میوە بخۆیت کە شیرینی سروشتی لەخۆدەگرێت. پێویستە کە خۆراکەکانی ژەمی نیوەڕۆ دەوڵەمەند بن بە ئاسن، پرۆتین، کاربۆھیدراتی ئاڵۆز. قەبارەی ژەمی نیوەڕۆ بچووک بکەوە و دوورکەوە لە زیاد خواردن، چونکە ھەرسکردنی ژەمێکی خۆراکی گەورە لەش ماندوو دەکات و ئەگەری بۆرژان و ھەستکردن بە ھیلاکی زیاد دەکات. ھەوڵ بدە کە ١٥ خولەک پاش خواردنی ژەمی نیوەڕۆ بۆ ماوەیەکی کورت رۆیشتنێکی خێرا ئەنجام بدەیت پاشان بچیتەوە سەر کارەکەت، دەتوانیت ھەر لە ژووری ئۆفیسدا چەند جوولەیەک لەگەڵ مەشقەکانی ھەناسە ئەنجام بدەیت بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی گازی ئۆکسجین لە خوێندا بۆ تاودانی وزەی لەش. بڕێکی باشی ئاو لەپاش ژەمی نیوەڕۆ بخۆرەوە لەوکاتەی کە بۆرژان یەکێکە لە نیشانەکانی کەمبوونەوەی شلەی لەش Dehyration، ھەروەھا ھەستکردن بە ماندووبوون.