بۆچی پاودەری كــافائین مەترسیدارە؟

بۆچی پاودەری كــافائین مەترسیدارە؟
كافائینی چڕكراوە، یان پوختەكراو Pure caffeine چالاككەرەوەیەكی بەهێزە بۆ خانەكانی مێشك، بڕی كەم لەوانەیە كە كاریگەری نێگەتیڤ پەیدا بكات. زیاتر لە 60 رووەك كافائین بەرهەم دێنن كە تۆوی قاوە، گەڵای چای، تۆوی كۆلا Kola nuts، كاكاو Cocoa pods باوترینیانن. هەموومان كافائین وەردەگرین كە لە قاوە، چای، هەروەها لە كاكاو و شوكولاتە و كۆلادا هەیە، بەڵام بۆچی پاودەری كافائین مەترسیدارە؟ پاودەری كافائین Powdered caffeine زۆر بەهێزترە لەو كافائینەی كە لە قاوە و چای یان كۆلادا هەیە. بە تێكڕایی، تەنیا یەك كەوچكی كوپ لە پاودەری كافائین بەقەد 28 كوپ قاوەی ئاسایی كافائین لەخۆدەگرێت، هەندێك جۆری تر بڕێكی زیاتر لەخۆدەگرن، بۆ نموونە لەوانەیە كەوچكێك پاودەر 5000 ملگم كافائینی تێدابێت واتە 50- 75 كوپ قاوە، لەوكاتەی كە كوپێك قاوە تەنیا 65- 100 ملگم كافائین لەخۆدەگرێت. لە راستیدا بەكارهێنانی 2 كەوچكی كوپ پاودەری كافائین ژیانی كەسێكی پێگەیشتوو بە توندی دەخاتە مەترسییەوە و لەوانەیە كوشندە بێت. بڕی زیادی كافائین لەكاتی بەكارهێنانی پاودەری كافائین یان زیاتر لە 50 كوپ قاوەی خەست لە رۆژێكدا زیانی لابەلای گەورە پەیدا دەكات وەكو: بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، هێڵنج یان رشانەوە، ناڕەحەتی دەروونی، زیادبوونی لێدانەكانی دڵ و دڵەكوتێ (هەستكردن بە لێدانە خێراكانی دڵ Palpitation)، پەركەم و هەتا مردنیش.
Top