ڤایرۆسی زیكا

ڤایرۆسی زیكا
ڤایرۆسی زیكا Zika virus بە هۆی گازگرتنی جۆرێك مێشولە لە یەكێكی تووشبوو بۆ كەسێكی دیكە دەگوازرێتەوە. یەكەم حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی زیكا لە مانگی ئایاری 2015 لە بەرازیل تۆمار كرا، پاشان بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە بووە هۆی ئاڵۆزی لە كۆئەندامی دەمار، لە ئافرەتی دووگیانیش بووە هۆی سەقەتی زگماكی كۆرپە بە شێوەی بچووكبوونەوەی قەبارەی مێشك و پانبوونی سەر. ڤایرۆسی زیكا بە تێكڕایی بۆ ماوەی چەند رۆژێك هەندێك جاریش یەك هەفتە لە خوێندا دەمێنێتەوە، دەستنیشانكردن بە پشكنینی خوێن دەكرێت. نیشانە باوەكانی هەوكردن بەم ڤایرۆسە بریتین لە: بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش، پەیدابوونی پەڵەی سوور لەسەر پێستدا، ئازاری جومگەكان، ئازاری ماسوڵكە، سەرئێشە، سووربوونەوەی چاوەكان. نەخۆشییەكە بەگشتی سووكە ئەگەرچی لە هەر 5 كەس یەكێك نیشانەكانی كەمێك توند دەبن، بەڵام بە كەمی مەترسی زۆر لەسەر ژیان پەیدا دەكات، نیشانەكان بۆ ماوەی چەند رۆژێك تا هەفتەیەك بەردەوام دەبن. ئەم نەخۆشییە چارەسەردەكرێت بە حەسانەوە، زیاد خواردنەوەی شلەمەنی، دەرمانی وەكو پاراسیتۆل بۆ دابەزاندنی پلەی گەرمی و كەمكردنەوەی ئازار. ڤاكسین بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی زیكا هێشتا لەبەردەستدا نییە، لەكاتی سەفەركردن بۆ ئەو وڵاتانەی كە ڤایرۆسی زیكا و مێشولەی گواستنەوەی لێیە، پێویستە كە خۆت لە گازی مێشولە كە زیاتر لە كاتی رۆژدا بەدی دەكرێت بپارێزیت بە رێگای پۆشینی جل بە شێوەیەك كە رێگر بێت لە گەیشتنی مێشولە بە پێست، هەروەها بەكارهێنانی تۆڕ یان توولی تایبەت لەكاتی نووستندا، لەگەڵ بەكارهێنانی سپرای یان ئەو ماددانەی كە مێشولە دووردەخەنەوە.
Top