زۆربەی خەڵك لە ژیانیاندا بەلای كەم جارێك دووچاری ئازار لە بەشی خوارەوەی پشتدا Low back pain بووین كە پاش ماوەیەكی كورت لەخۆیەوە چاكبۆتەوە، بەڵام هەندێك جار بۆ ماوەی زیاتر لە 3 مانگ بەردەوام دەبێت واتە ژێرە پشت ئێشەی درێژخایەن كە كاریگەری دەكاتە سەر ژیان و چاڵاكی رۆژانە. حاڵەتەكە بە ئازار لەگەڵ گرژبوونی ماسوڵكەكانی پشت دەستپێدەكات كە دەبێتە هۆی سنوورداركردنی جوولە بەتایبەتی سووڕاندن و چەماندنەوەی پشت بە هەموو ئاراسیتەیەكدا، هەندێك جاریش ئازارەكە بۆ یەك قاچ بڵاودەبێتەوە، بەمەش دەووترێت سیاتیكا Sciatica. هۆكاری زۆربەی حاڵەتەكانی ژێرە پشت ئێشە بە تەواوی روون نییە، زۆر جار پشت ئێشە لە ئەنجامی بوونی كۆمەڵێك فاكتەر بەیەكەوە روودەدات، بەهەرحاڵ هۆكارە هاندەرەكان بریتین لە: هیلاكبوون و لاوازبوونی ماسوڵكەكانی پشت، زیاد دانیشتن بە پۆزیشنێكی دیاریكراو، سترێس بەتایبەتی سترێسی كار و پیشە، پەستی توند، خەمۆكی كە لەوانەیە ببێتە هۆی ژێرە پشت ئێشەیەكی درێژخایەن. هۆكاری دیار و تایبەت بریتییە لە گرفت لە بڕبڕەكانی كەلەكە Lumbar spine بە شێوەی خزینی دیسك یان كڕكڕاگە، پووكانەوەی ئێسك، هەروەها هەوكردنی جومگەی نێوان بڕبڕەكانی پشت Spondylitis.