هەستیاربوونی چاو بە رووناكی Light sensitivity بریتییە لە ترس لە بەركەوتن بە رووناكی Photophobia یان ناڕەحەتی چاو پاش بەركەوتن بە رووناكی گەش و بەهێز جا تیشكی خۆر، یان رووناكی دەستكرد. هەستیاربوونی چاو حاڵەتێكی باوە، بە تەنیا نەخۆشییەكی دیاریكراو و سەربەخۆ نییە، بەڵام لەوانەیە كە لەگەڵ هەر گرفتێكی چاودا بەدی بكرێت، لێرەدا دەبێتە هۆی ئازارێكی توندی چاو هەتا لەكاتی بەركەوتن بە رووناكی یان تیشكی كزدا. ئەو نەخۆشییانەی چاو كە دەبنە هۆی هەستیاربوونی چاو بە رووناكی بریتین لە: سووتانی چاو، هەوكردن لە ناوەوەی چاودا Uveitis، داڕووشان یان كولبوونی چینی كۆرنیای چاو، زیاد بەكارهێنانی هاوێنەی لكاو یان هاوێنەی نەگونجاو یان نادروست، برینداربوونی چاو، ئاوی رەش Glaucoma، باپشكێو Chalazion، شەقەسەر، پاش ئەنجامدانی نەشتەرگەریی چاو، وەكو زیانی لابەلای هەندێك دەرمان بۆ نموونە ئەترۆپین، ئەمفیتامینەكان. هەنگاوەكانی سووكردنی نیشانەكان بریتین لە: خۆپاراستن لە بەركەوتن بە رووناكی هەتاو، زیاد داخستنی چاو، بەكارهێنانی چاویلكەی تاریك، كەم داگیرساندنی رووناكییە دەستكردەكان لەناو ماڵدا. ئەگەر بەم هەنگاوانە حاڵەتەكە سووك نەبوو و هەر بەردەوام بوو، ئەوسا سەردانی دكتۆری چاو پێویست دەكات، بۆ دۆزینەوەی و چارەسەركردنی هۆكاری هەستیاربوونی چاو بە رووناكی.