زۆربەی خەڵك هەفتانە چەند جارێك قژیان بە شامپۆ دەشۆن، بەڵام ئایا دەزانی كە شامپۆ لە چ ماددەیەكی كیمیایی پێكهاتووە؟ گرنگیدان بە قژ بەشێكی سەرەكیی رۆتینی جوانیتە، بۆیە هەڵبژاردنی شامپۆی گونجاو بۆ قژ رۆڵی بەرچاوی هەیە. فرمانی شامپۆ بریتییە لە لابردنی چڵك و چەوری سەر پێستی سەر و قژ، لەگەڵ مانەوە لەسەر قژدا بۆ مەبەستی جیاوازی وەكو پاراستنی جوانی و تەندروستیی قژ و چارەسەركردنی نەخۆشی، بۆ نموونە شامپۆی دژە كڕێژ Anti-dandruff، دژی ئەسپێی سەر، تایبەت بە قژی وشك، تایبەت بە قژی چەور، تایبەت بە قژی بۆیەكراو، تایبەت بە منداڵ ..تاد. ژمارە و ماركەی یەكجار زۆر لە شامپۆی جۆراوجۆر لە بازاڕ و سالۆن و دەرمانخانەكاندا دەست دەكەون، پێویستە كە لەو نێوەندەدا جۆری گونجاو بۆ قژت هەڵبژێریت. بەگشتی پێكهاتە سەرەكییەكانی شامپۆ بریتین لە: ماددەی پاككەرەوە كە پێكهاتەی سەرەكی شامپۆیە بۆ كەفكردن و لابردنی چەوری و چڵك، بۆ نموونە ئاوێتە سولفەیتەكان Sulfates، ماددەی پاراستنی پێكهاتەكانی شامپۆ لە تێكچوون Preservatives، بۆن یان رەنگ كە تەنیا بە مەبەستی دیكۆر لەگەڵ شامپۆ تێكەڵ دەكرێت واتە هەرگیز گرنگ نییە كە شامپۆ رەنگی هەبێت، بەگشتی جۆرە سروشتییەكانی شامپۆ هیچ رەنگ و بۆنێك لەخۆناگرن. هەڵبژاردنی شامپۆ بۆ هەر كەسێك پەیوەستە بە سروشتی پێستی سەر و جۆری قژ و پێكهاتەكانی شامپۆ، بۆ نموونە بۆ قژی چەور، قژی وشك، قژی لوول، هەروەها بۆ پێستی وشك یان پێستی چەور..تاد.