جگە لە هەموو پێویستییەكان و تەندروستیی جەستەیی و ئارامی دەروونی بۆ خەوێكی دروست، پلەی گەرمی ژووری نووستن گرنگی زۆری هەیە كە باس لە خەوێكی تەندروستییانە دەكرێت. پێویستە كە پلەی گەرمی ژووری نووستن بە شێوەیەك رێك بخرێت كە نە هێندە سارد بێت ببێتە هۆی هەستكردن بە سەرما و لەرز، نە هێندە گەرمیش بێت كە ببێتە هۆی ئارەقەكردن. لەبەر جیاوازی لە بینا و فسیۆلۆژی لەشی پیاو و ئافرەت، پلەی گەرمی گونجاو بۆ ژووری نووستن جیاوازی هەیە لە نێوان 18- 22.2 پلەی سەدی. بەگشتی لە ئافرەتدا تێكڕای میتابۆلیزم Metabolic rate (كرداری بەرهەمهێنانی وزە) لەكاتی حەسانەوەدا نزمە بە بەراورد لەگەڵ تێكڕای میتابۆلیزم لە پیاودا، بە مانایەكی تر لەكاتی حەسانەوەدا لەشی ئافرەت بڕێكی كەمی گەرمی بەرهەم دێنێ، بۆیە لەوانەیە كە پلەیەكی گەرمی ژوور بۆ پیاو گونجاو بێت، بەڵام بۆ ئافرەت سارد بێت یان هەست بە سەرما بكات. ئەمەش روونكراوتەوە كە تێكڕای میتابۆلیزم لەگەڵ بەتەمەنداچووندا لەبەر گۆڕان لە بارستایی ماسوڵكەكانی لەش و هۆكاری تر دادەبەزێت، بۆیە واباشە كە بۆ بەساڵاچووان پلەی گەرمی ژووری نووستن بگاتە 22 پلە یان كەمێك بەرزتر. بە ڕای پسپۆرانی پزیشكیی خەو لە دوایین روونكردنەوەدا، 18.3- 20.5 پلەی سەدی گونجاوترین پلەی گەرمییە بۆ ژووری نووستن. ئەگەرچی پلەی گەرمی بنچینەیی لەش لەكاتی نووستنی قووڵدا دادەبەزێت، بەڵام لە نزیك كۆتایی سووڕی نووستندا (واتە نزیك كاتی بیداربوونەوە) پلەی گەرمی لەش بەرزدەبێتەوە، لەگەڵ ئەمەشدا بە پلەی گەرمی ژووری نزم وەكو 18 پلەی سەدی، لەش فرمانەكانی خۆی بە رێكی ئەنجام دەدات، گەرمی زیاد میكانیزمی رێكخستنی ئاسایی لەش بۆ پلەی گەرمی دەشێوێنێ، ئەمەش دەبێتە هۆی ناڕاحەتی و خەوزڕان بە درێژایی شەو.