ئایا چوونە دەرەوە بە قژی تەڕ تووشی هەڵامەتت دەكات؟

ئایا چوونە دەرەوە بە قژی تەڕ تووشی هەڵامەتت دەكات؟
زۆربەمان گوێبیستی ئەوە بووین كە چوونە دەرەوە بە قژی تەڕ بەتایبەتی لە وەرزی زستاندا هۆكارە بۆ تووشبوون بە هەڵامەت یان ئەنفلوەنزا، بێگومان ئەمە لەرووی زانستیی پزیشكییەوە هەرگیز راست نییە، چونكە هۆكاری تووشبوون بە هەڵامەت یان ئەنفلوەنزا ڤایرۆسە نەك قژی تەڕ یان سەرما. چوونە دەرەوە بە قژی تەڕ لە وەرزی زستاندا تەنیا دەبێتە هۆی ناڕاحەتی و هەستكردن بە سەرما، هەروەها لە پلەی گەرمی ژێر سفردا تەڕێتی قژ دەبەستێت و دەبێتە هۆی شكان یان پچڕانی قژ. بەفر و ساردی و پلەی گەرمی ژێر سفر هەرگیز نابێتە هۆی هەڵامەت جا قژا تەڕ بێت یان وشك، هەروەها چوونە دەرەوە لە ساردترین كەشدا هەرگیز هۆكار نییە بۆ تووشبوون بە هەڵامەت یان ئەنفلوەنزا. رێژەی بەرزی شێداری گونجاوە بۆ گەشەی راینۆڤایرۆسەكان Rhinoviruses كە هۆكارن بۆ هەوكردنی بەشی سەرەوەی كۆئەندامی هەناسە یان هەڵامەت. هەوای سارد بۆڕییەكانی خوێن تەسك دەكاتەوە، لێشاوی خوێن لەژێر پێستدا كەم دەكاتەوە، ئەمەش بە مەبەستی رێگرتن لە ونبوونی گەرمی یان هێشتنەوەی گەرمی لەش. لە هەمان كاتدا، ئەم گۆڕانە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، ئەمەش فشار لەسەر خوێنبەرەكان و ماسوڵكەی دڵ پەیدا دەكات، هەر بۆیەشە كە حاڵەتەكانی نۆرەی دڵ و جەلتە لە مانگەكانی زستان زیاتر روودەدەن. واباشترە كە قژی تەڕ زوو بە شیسوار یان خاولی بە تەواوی وشك بكرێتەوە بە تایبەتی لە وەرزی زستاندا.
Top